پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ یەکەم دانیشتن دەکات؛ سوننەکان دوو بەبژێریان هەیە
رووداو - بەغدا
ئامادەکارییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم تەواو بوون. دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر فایز وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت و کارنامەکەی لە دوو بڕگە پێکهاتووە: سوێندخواردنی یاسایی بە زمانی کوردی و عەرەبی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.
د. عەبدوڵڵا زەنگەنە، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم تەواو کردووە و هیچ گرفتێکمان نییە."
بەپێی نەریتی سیاسیی عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی پێکهاتەی سوننەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سوننەکان لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەوتوون. زۆرینەی سوننەکان هەیبەت حەلبووسییان وەکو بەربژێر دیاریکردووە، بەڵام هاوپەیمانیی عەزم (موسەنا سامەڕایی)ـیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە.
نیهال شەممەری، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکان جووڵەیەک هەیە چ لەنێو هێزەکانی دیکە و چ لەنێو پێکهاتەی سوننە بۆ ئەوەی بابەتەکە بۆ یەک لایەن یەکلایی بکرێتەوە."
سەبارەت بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ پۆستی جێگری دووەم بەربژێر کردووە، بەڵام شیعەکان هێشتا بە فەرمی ناوی بەربژێری جێگری یەکەمیان رانەگەیاندووە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدڵنیاییەوە بەربژێرمان دەبێت. ئێمە حیزبی یەکەمین و خاوەنی 27 کورسیین، لەگەڵ پێنچ کورسیی کۆتا دەبینە خاوەنی 32 کورسی؛ ئەوە مافی پارتییە کە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێری هەبێت."
دووبەردانی ئاشکرای کرد، بەپێی زانیارییەکانیان "پێدەچێت دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری دووەم دیاری بکرێتەوە."
بەپێی ماددەی 72ی دەستووری عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
پەیامنێری رووداو لە بەغداوە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کاژێرەکانی پێش دانیشتنەکەدا زۆرترین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان.