رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی زیندووکردنەوەی جلوبەرگە کولتوورییەکانی عێراق، نمایشێکی جلوبەرگی کولتووری لە بەغدا بەڕێوەچوو. نمایشەکە تێکەڵ بە گۆرانی و میوزیکی کۆنی عێراقی بوو.
ئیسلام حافز، نمایشکاری جلوبەرگە و دەڵێت، "بەبۆنەی شەوانەی رەمەزان، ئێمە وەک خانەی جلوبەرگ نمایشێکی کولتووریی پێشکێش دەکەین، ئەویش نمایشکردنی جلوبەرگی کولتووریی تایبەتە بە هاشمی و جلوبەرگی بەغدادی، بۆ ئەوەی جیهان کولتوور و شارستانیمان ببینن و بگاتە ئەو پەڕی سنوورەکان."
یەکەم جارە نمایشێکی لەم شێوەیە لە مۆزەخانەی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەوەش سەرەنجی خەڵکێکی زیاتری بۆ نێو مۆزەخانەکە راکشاوە و سەردانی دەکەن.
لوما یاس، بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەکانی عێراق دەڵێت، "ئەم چالاکییە یەکەم جارە لە هۆڵەکانی مۆزخانەی عێراق دەکرێت، بەردەوام مۆزخانەی عێراقی تایبەت بووە بە نمایشکردنی شوێنەوار، بەڵام ئەمڕۆ تێیدا میراتی کۆنی رۆشنبیری و دابونەریتی کۆنی بەغداییەکان نمایش دەکرێت، دەکرێت زیندووی بکەینەوە."
نمایشەکە بە بۆنەی مانگی رەمەزان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراقی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خانەی جلوبەرگی عێراقی و رێکخراوێکی پەرەپێدانی مرۆیی رێکخراوە.
ئەمسا شەلشەلی، سەردانیکارە و دەڵێت، "ناسنامەمان بە شوێنەوار و کەلەپوورمانەوەیە، وڵاتی شارستانییە و وڵاتێکە تەمەنی شارستانییەکەی حەوت هەزار ساڵە، عێراق بە شارستانی ناسراوە، بۆیە پێویستە پارێزگاری لێبکەین، هەر ماوەیەک زیندووی بکەینەوە بەم بۆنە و کەرنەڤاڵانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ