وەزیری ناوخۆی عێراق: ئامادەین هاوکاریی مرۆیی رەوانەی ئێران بکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ زیانلێکەوتووانی ئێران دەربڕی و ستایشی خۆڕاگریی خەڵکی ئەو وڵاتەی کرد.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق جەختی لە پاڵپشتیی بەغدا بۆ تاران کردەوە و گوتی، "عێراق بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ خەڵک و زیانلێکەوتووانی ئێران ئامادەیە."
وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی گوتووە، "بە راستی شانازی دەکەین بەوەی ئێوە بە شێوەیەکی ئەفسانەیی توانیتان لە بەرانبەر دووژمنی ستەمکار بوەستنەوە. ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک و هەر بابەتێک کە ئێوە پێویستتان بێت، ئێمە بۆ یارمەتیدان ئامادەین."
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران سوپاسی وەزیری ناوخۆی عێراقی کردووە بۆ پەیوەندییەکەی و هاوکارییەکانی و پێی گوتووە، "ئێستا نزیکەی 110 هەزار فریاگوزاری مەشقپێکراومان لە هەموو ناوەندەکاندا هەن، کاتێک هەر رووداوێک رووبدات، لە ماوەی کەمتر لە 4 خولەکدا لە شوێنی رووداوەکە ئامادە دەبین و بە خێراییەکی زۆر فریاگوزارییەکانمان ئەنجام دەدەین."