سەرۆک بارزانی: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران پێویستی بە راوێژی زیاترە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە سیاسییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شيعە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق (هاوپەیمانیی 5 هێزی سوننەکان) داوا دەکات پەلە نەکەن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران؛ هەروەها هۆشداری دەدات کە سەپاندنی بڕیار بەسەر پێکهاتەکاندا دۆخی عێراق خراپتر دەکات و دەبێت کورد خۆی بڕیار لە پۆستی سەرۆککۆمار بدات.
نامەکە کە رێککەوتی 28ی ئاداری 2026ی لەسەرە و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە واژۆ کراوە، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی، بنەما دەستوورییەکان و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، لەنێویاندا کورد.
سەرۆک بارزانی داوا دەکات گفتوگۆکان چڕ بکرێنەوە بۆ سڕکردنی خاڵە ناکۆکەکان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و گەیشتن بە شایستە دەستوورییەکان بەپێی بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و کۆدەنگیی نیشتمانی.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت: "ئەو بانگەوازەی ئێستا هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پاشان دیاریکردنی سەرۆکوەزیران، پێویستی بە راوێژی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی شایستەی سەرجەم پێکهاتەکان بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنیان رەچاو بکرێت."
سەرۆک بارزانی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان روون دەکاتەوە و دەڵێت، بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ پێکهاتەی کورد، دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار لەرێگەی لایەنەکان یان فراکسیۆنە پەرلەمانییە کوردستانییەکانەوە یەکلا بکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەنجوومەنی نیشتمانی هەمان میکانیزمیان بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان بەکارهێناوە، بۆیە "پێویستە هەمان میکانیزم بۆ هەڵبژاردنی کوردیش جێبەجێ بکرێت."
ئەم نامەیە لە کاتێکدایە، دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تشرینی دووەمی 2025ی عێراق، بەغدا تووشی چەقبەستووییەکی بەردەوام بووە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەیەکی سەرەکی دەرکەوتووە و زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگی لە سەرتاسەری وڵات بەدەستهێنا و پێگەی خۆی بەهێزتر کرد. بەڵام گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار نەگەیشتوونەتە ئەنجامی یەکلاییکەرەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات کە هەوڵدان بۆ سەپاندنی بڕیارەکان لە کاتێکدا هێشتا بژاردەکان لەلایەن هێزە عێراقی و کوردستانییەکانەوە یەکلا نەکراونەتەوە، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "هەوڵدان بۆ پاڵنانی کارەکان یان سەپاندنیان دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر، کە ئەمەش ئەو شتەیە کە وڵات لەم قۆناخە هەستیار و وردەدا پێویستی پێی نییە." بۆیە داوا دەکات پەلە نەکرێت و گفتوگۆی زیاتر بکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کاریگەر کە ئاسایش و سەلامەتیی وڵات بپارێزێت.