رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون رایگەیاند دابەشکاریی ژمارەی وەزارەتەکانی حکومەتی نوێ وەک حکومەتی پێشوو دەبێت و وەزارەتەکان بەگوێرەی خاڵ دابەش دەکرێن کە لە نێوان شەش بۆ نۆ خاڵ دەبن.
چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، ئەحمەد عەدنان، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دابەشکاریی وەزارەتەکانی حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەکرێت و عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە نێوان سێ بۆ چوار بەربژێری هەر وەزارەتێک سەرپشکە لەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت.
لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراوە، کە 30 رۆژ دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی کابینەکەى پێشکێشی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.
ئەحمەد عەدنان کە بزووتنەوەکەی باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، رایگەیاند وەزارەتەکان بەگوێرەی خاڵ دابەش دەکرێن؛ کە وەزارەتی ئاسایی شەش خاڵ و وەزارەتی گرنگ نۆ خاڵی دەبێت، ئەو خاڵانەش بەگوێرەی ژمارەی کورسیی لایەنە بەشدارەکان دەبێت.
حکومەتی عێراق 23 وەزارەتی هەیە، کورد چوار وەزارەت، سوننە پێنج وەزارەت، 12 وەزارەتی بەدەست شیعەوەیە و یەک وەزارەتیش بۆ کریستیانەکانە.
ئەندامەکەى دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون رایگەیاند، پێکهاتەی دابەشکاریی وەزارەتەکان لە نێوان پێکهاتەکان بۆ حکومەتی نوێ وەک حکومەتی ئێستا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکدا لە نێوان ئەو پێکهاتانەدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ