رووداو- هەولێر
رۆژنامەیەکی عەرەبی راپۆرتێكی لە سەر فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری تازە هەڵبژێردراوی عێراق بڵاوكردەوە و ئاماژە بە ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم ئەو سەرۆكە تازەیە دەكات و راشیگەیاندووە، کە دکتۆرای سەرۆککۆمار لە سەر ئیخوان.
رۆژنامەكی ئەلعەرەب نووسیویەتی، مەعسووم، تاڵەبانی نییە كە دیبلۆماسیی و پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ سەركردەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن عێراقی هەبێت، کە ئیستا لە بەغدا لە دەسەڵاتن. ئەو كاتەی شەری راگەیاندنی هەولێر و بەغدا تووندیش بوو، تاڵەبانی كۆدەنگی هەمووانی لە سەر بوو. بۆیە ئەركەکانی ئەم سەرۆكە تازەیە قورستر دەبێت لە ئەرکەکانی مام جەلال.
رۆژنامەكە دەڵێت: ئەگەر تاڵەبانی نەخۆش نەكەوتبایە دوور نەبوو بۆ ویلایەتی سێیەم سەرۆكایەتی كۆماری وەرگرتبا ئەگەرچی دەستوور رێگا نادات لە دوو خوول زیاتر ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام پێویستییەكانی ئەم وڵاتە دەخوازێت باز بە سەر دەستووریش بدرێت.
رۆژنامەكە پێیوایە فوئاد مەعسووم پیاوێكی میانڕەو و كراوەیە و دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەك بكات، بەڵام كەسایەتی تاڵەبانی دووبار نابێتەوە.
رۆژنامەی ئەلعەرب دەڵێ: فوئاد مەعسووم بەشێكی زۆری ژیانی لایەنی سیاسی بووە كەمتر بە لای سەربازی رۆیشتووە، هەر زوو پەیوەندی بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، دوای هەرەسهێنانی شۆرشی كوردیش بە سەركردایەتی مەلا مستەفای بارزانی، فوئاد مەعسووم لەگەڵ تاڵەبانی و پێنج هاوڕیی دیكەی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دامەرزاند.
رۆژنامەكە باسی ژیانی ئەم سەرۆكە تازەیەی عێراق دەکات و نووسیویەتی، "زۆرینەی ژیانی ئەكادیمی لە بواری فەلسەفەی ئیسلامی بووە، تێزی دكتۆراكەشی لە سەر ئیخوان بووە لە قاهیرە بە ناونیشانی (إخوان الصفا فلسفتهم وأفكارهم)، بەڵام ئیخوان موسلمینی میسر نییە، بەڵكو گرووپێكی فەلسەفی بوون لە سەدەی سێی كۆچی لە شاڕی بەسرا سەریان هەڵدا، كە كاریگەربوونە بە فەلسەفەی یۆنانی، فارسی و هیندی. تێزی دكتۆرای فوئاد مەعسووم لە چوارچێوەی كتێبێك بڵاوكراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 24ی تەمووزی 2014 لە پەرلەمانی عێراق، د.فوئاد مەعسوم، كاندیدی فراكسیۆنە كوردییەكان بە هەشتەمین سەرۆككۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
فوئاد مەعسوم لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن، توانی 175 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی دوو لە سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكان، توانی بە دەنگی 211 پەرلەمانتار، ببێتە سەرۆككۆماری عێراق.
محەممەد فوئاد مەعسووم هەورامی، ناسراو بە فوئاد مەعسووم تەمەن 76 ساڵ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتییە و لەساڵی 1938 لە كۆیە لەدایكبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ