رووداو - بەغدا
بەهۆی قەرەباڵخی و داخستنی زۆربەی شەقامەکانی بەغدا لە لایەن پۆلیسەوە ئێستا هاتووچۆ لەو شارە بە تاکسی زۆر زەحمەت بووە و خەڵک زۆربەی کات بۆ رزگاربوون لەو قەرەباڵخییە روو لە تاکسی بەلەم دەکەن.
ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لەسەر رووباری دیجلە زیاتر لە 40 بەلەم پیشە و کاریان پەڕاندنەوەی دانیشتووانی بەغدایە، لە کەرخەوە بۆ رەسافە و بەپێچەوانەوە.
خەیون زیاتر لە هەشت ساڵە شۆفێری تاکسیە و تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا شارەزاییە، بەڵام سەرەڕای شارەزاییەکەی ئەگەر بۆ شوێنێکی نزیکیش بڕوات کاتێکی زۆری پێویستە. شەقامەکانی بەغدا ھێندە قەڕەباڵخ بوون شۆفێران لە شۆفێریکردن بێزاربوونە.
بەدوو کاژێر لەکەرخەوە گەیشتینە رەسافە، بەھۆی رێوشوێنە ئەمنییەکان، پۆلیس زۆربەی شەقامەکانی داخستووە.
حوسێن کازم، شۆفێری تاکسی دەریایی دەڵێت "ماوەی تەنھا دوو خولەکمان دەوێت بۆ ئەوەی بپەڕینەوە لەجیاتی ئەوەی لەقەرەباڵخی شەقامەکان بپەڕیتەوە، خەڵک روو لەبەلەم و تاکسی دەریایی دەکەن".
ھاوشێوەی ئەم خەڵکە و بەھۆی بوونی قەرەباڵخییەکی زۆرەوە وەزیری ناوخۆی عێراق و چەند بەرپرسێکی ئەمنیی شارەکە بەبەلەمی حکومی لەناوچەی سەوزەوە ھاتوونەتە شەقامی موتەنەبی.
سەرەڕای کۆنییان، کەچی بەلەمەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی بژێوی باش بۆ خاوەنەکانیان، بۆ گواستنەوەی ھەر سەرنشینێک لەکەرخەوە بۆ رەسافە بڕی هەزار دینار وەردەگرن، لەرۆژانی خوپیشاندان و رێوڕەسمە ئایینییەکانیش بازاڕیان باشتریش دەبێت.
لەبەغدا زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل ھەیە، لەبەرامبەریشدا ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لەسەر رووباری دیجلە زیاتر لە 40 بەلەم پیشە و کاریان پەڕاندنەوەی دانیشتوانی بەغدایە، لە کەرخەوە بۆ رەسافە و بەپێچەوانەوە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ