رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پزیشکانی عێراق وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی نەشتەرگەریی جوانکاری لە نۆرینگە و کلینکەکانی جوانکاری لە بەغدا قەدەخە دەکات.
بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ئاراستەی لقی بەغدای سەندیکای پزیشکانی عێراق کراوە و تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی تایبەتمەندێتی نەخۆش و رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە کراوەتەوە کە "دیمەنی هەستیار" یان "نەگونجاو"یان تێدایە.
بڕیارەکە باس لەوە دەکات، هەر سەرپێچیکردنێک سزای یاسایی لەگەڵ دەبێ.
دکتۆر محەممەد فاتیح، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای پزیشکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025 بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکی زۆر باش و گونجاوە."

دکتۆر محەممەد فاتیح گوتیشی، بڕیارەکە تەنیا بۆ بەغدا بووە، بەڵام ئەوان لە کەرکووکیش جێبەجێی دەکەن و بە نووسراوی فەرمی بڵاوی دەکەنەوە.
دکتۆر محەممەد فاتیح رشیگەیاند: "لیژنەیەک بۆ گەڕان بەنێو کلینکەکانی جوانکاریدا رادەسپێرن و هەر کەسێک پێچەوانەی بڕیارەکە کاربکات و وێنەی نەشیاو بگرێ و بڵاوی بکاتەوە، سزا دەدرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ