یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێ؛ هێشتا دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلایی نەبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە جیا لە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە. بەربژێرێکی سەرکەتووی پارتی دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی نییە. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 29-12-2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەشێک لەوانەی کە ئەمڕۆ وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخۆن، چوونەتە نێو باڵەخانەی پەرلەمان.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا و بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەدان، ''بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دەنگ بە کامە بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدەن.''
 
وەک نەریتێک، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشکی سوننەکانە کە هەیبەت حەلبووسی و موسەنا سامەڕایی بەربژێر کراون. دانەر عەبدولغەفار، بەربژێری سەرکەتووی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ''ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ ئەوەیە کە بڕیار بدەین دەنگمان بۆ کامە بەربژێر بێ. ئێمە زانیاریمان هەیە لە فراکسیۆنەکانی دیکەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر هەن.''
 
دانەر عەبدولغەفار سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گوتی، ''تاوەکو ئێستا بەداخەوە هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوانمان نییە، بەڵام لەوانەیە لەم کۆبوونەوەیەدا بەرچاومان روونتر بێ، چونکە دروستکردنی ئەو هاوئاهەنگییە زۆر پێویستە.''
 
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێنجەمدا پشکی پارتی بوو. ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی پارتی دەڵێت، ''بێگومان ئێمە وەک پارتی بەربژێرمان بۆ پۆستەکە دەبێ و لەو کۆبوونەوەیەدا ئەوەش یەکلایی دەکرێتەوە کە کێ بەربژێرمان دەبێ.''
 
بەگوتەی دانەر عەبدولغەفار، تاوەکو ئێستا فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە نەکردووە، ''بەڵام لەوانەیە کۆبوونەوە بکرێ.''
 
بڕیاربوو دانیشتنەکەی پەرلەمان کاژێر 12:00 بە سەرۆکایەتیی عامر فایز وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووە. 
 
مازن غەریب، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا گوت، ''بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەنگ بە هەر کەسێک دەدەین کە لە بەرژەوەندیی کورددا کار دەکات''.
 
مازن غەریب سەبارەت بە ئەگەری دەنگدانیان بە شاخەوان عەبدوڵڵا کە بەگوێرەی زانیارییەکان بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ''دەنگ بە هەموو کەسێک دەدەین کە لە بەرژەوەندیی کەرکووک، کورد و یەکێتیدا بێ.''
 
هاوکات رێکەوت حەمەڕەشید، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ''ئەمڕۆ وەک فراکسیۆن کۆبوونەوە دەکەین و بەم زووانە بڕیاری خۆمان دەدەین، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی دەنگ بە کێ دەدەین.''
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان، کارنامەی دانیشتنەکە لە دوو تەوەر پێکدێت. تەوەری یەکەم؛ بریتییە لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان. دواتر لە تەوەری دووەمدا؛ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
 
سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوونیان پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە.