رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: هیوایان بە گەنجانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە 60٪ـی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن و لە هەڵبژاردنی پێشوو پشت تێکردنێکی ئاشکرای هاووڵاتییان هەبوو لە دەنگدان بەهۆی نەمانى متمانە.
ئەو گوتانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ نوێنەری هۆزەکانی پارێزگای زیقار کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، لەو پارێزگایە ئەنجامیدا.
سوودانی رایگەیاند، بەر لە سێ ساڵ پەرۆش بوون بۆ ئەوەی متمانەی گەل بگەڕێننەوە بە دەوڵەت و سیستمی سیاسی و لە هەڵبژاردنی پێشوودا پشت تێکردنێکی ئاشکرای هاووڵاتییان هەبوو بەهۆی نەمانى متمانە، کە بە گوتەی ئەو کاریان لەسەر نوێکردنەوەی متمانە کردووە.
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، رێژەی بەشداری هاووڵاتییان لەو هەڵبژاردنە 41٪ بوو.
سوودانی کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە، گوتی: "گەلی عێراق خۆی فەرمانڕەوای خۆى دیاری دەکات و ئەمە لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نییە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردن پێویستی بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە و نابێت ئەو مافە لەدەست بچێت کە داهاتووی وڵات دیاری دەکات و بەشداریکردنی هۆشیارانە لە هەڵبژاردن مانای پاڵپشتیکردنی کاروانی بونیاتنان و ئارامی و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە و هیوایان بە گەنجانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە 60٪ـی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی شوباتی ئەم ساڵ دەکرێت و زیاتر لە 21.4 ملیۆن کەس دەتوانن تیایدا دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ