رووداو - بەغدا
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند "هاتنی عەبادی بۆ پەرلەمان جۆرێکە لە نمایشی سیاسی و بە هیچ شێوەیەک بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەین ئەگەر گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نەکرێت".
د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بە زمانی کوردی خوێندەوە و رایگەیاند "ئێمە پێشتر داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو گفتوگۆی جیدی لەبارەی بودجە بکەین، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکان نەرێنی بوون، بۆیە پێمانوایە هاتنی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیران بۆ پەرلەمان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە جۆرێکە لە نمایشی سیاسی".
موسەننا ئەمین راشیگەیاند "پێشتر چەند جارێک وەڵاممان لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێگەیشتووە، کە هەموویان وەڵامی وەڵامنەداوە و خۆدزینەوە لە راستییەکان و گفتۆگۆی جیدی لەبارەی پشکی گەلی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بوو ".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە "کارەساتبارە" و بەشداری هیچ دانیشتنێک ناکەن ئەگەر چاکسازی تەواوی تێدا نەکرێت.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەێتەوە و کورد و سوننەش داوای گۆڕانکاری لە پڕۆژەکەدا دەکەن.
هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری دانیشتنی پەرلەمان دەکات بۆ گفتوگۆ لەبارەی بودجە.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی مشتومڕێکی تووند دەکەن لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەو پێیەی کورد و سوننە لە پرۆژەکە ناڕازیین بەو شێوەیە بێت کورد و سوننە دەنگی پێنادەن و لەو بارەوە داواکارییان هەیە.
لە بارەی ترسی کورد و سوننە لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لەلایەن فراکسیۆنە شیعەکانەوە، مەسعود حەیدەر ئاماژە بەوەدەکات کە لەڕووی ژمارەوە رەنگە شیعەکان 166 پەرلەمانتار بن بەس بۆ پەسندکردنی پرۆژەکە بەڵام قورسە ئەو ژمارەیان پێ کۆبکرێتەوە و لەڕووی سیاسیشەوە ناکرێت تەنها لایەنێک پڕۆژەکەیاساکە پەسندبکات.
دووشەممەی رابردوو، سەرەڕای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 و بایکۆتکردنی کورد و سوننە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق کرد.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ