03-02-2024
08:10
ناوی حەوت کوژراوی حەشدی شەعبی لە هێرشەکانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە
ناوی حەوت کوژراوی حەشدی شەعبی لە هێرشەکانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شاری قایمی پارێزگای ئەنبار کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی و سێ ماڵی ئەندامانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج و حەوت کەس کوژراون، هاوکات لە ناوچەی عەکاشات و سکەکیش چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج.
بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا لە قائیم، عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتی لۆجستی حەشدی شەعبی لەگەڵ قاسم موحسین، زولفەقار تەلعەت، عەبدوڵڵا ئیبراهیم، ئەسیر جابر، عەبدولعەباس عەبدوڵڵا و سەفا حوسێن کە چەکداری حەشدی شەعبی بوون کوژراون.
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی دوو هاووڵاتی مەدەنی لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە و 16 چەکدار و هاووڵاتی مەدەنیش بریندار بوون، ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بڵاونەکردووەتەوە.
07:15
قایمقامی پێشووی قەزای قائیم: جبەخانەیەک و سێ بارەگای حیزبوڵڵا کرانە ئامانج
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێشووی قەزای قائیم دەڵێت، "جبەخانەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ناوچەی سیکەک کرایە ئامانج. هەروەها بەداخەوە تاوەکو ئێستا سێ بارەگایان خاپوورکراوە کە لەناو ماڵاندا بووە و زیان بە خانووبەرەکانی دەوروبەری بارەگاکانیش کەوتووە."
ئەحمەد جدیان، قایمقامی پێشووی قەزای قائیم لە تۆمارێکی دەنگی دا ئاماژەی بەوەکردووە، "گوێمان لە دەنگی ئەمبووڵانسەکانە کە دێن و دەچن."
بەرەبەیانیی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون."
لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، سێنتکۆم رایگەیاند، "ناوەندەکانی فەرمان و کۆنتڕۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو."
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن کە هێرشکراوەتە سەر 8 ناوچە و 6 کەس کوژراون، سێ لەو کوژراوانە سووریایی نین.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەم هێرشە ئاسمانییانەی سەرەتا، هەڵمەتێکی درێژمەودان بۆ بەئامانجگرتنی هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە عێراق و سووریا."
05:31
ڤیدیۆی بەڕێکەوتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشەکە
سێنتکۆم دەڵێت، "سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گرووپانەی کە لەژێر چەتریدان هەڕەشەن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئێمەش هەرچییەک بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان پێویست بێت دەیکەین."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆی ساتی بەڕێکەوتنی فڕۆکەی هێزەکانی بڵاوکردەوە کە زنجیرە هێرشێکیان کردە سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، "سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئەوان هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی عێراق، ناوچەکە و ئەمریکییەکان."
سێنتکۆم لەسەر زاری فەرماندەکەی دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە هەنگاونان و کردنی هەر شتێکی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانمان و رووبەڕووکردنەوەی ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئێمە بە بەرپرسیارێتی."
ساتی بەڕێکەوتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا ببینە
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 3, 2024
سوپای ئەمریکا ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە pic.twitter.com/mEaOvKkJZu
05:20
هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بیزانیت
هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بیزانیت
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، "بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بەکارهێنراون.
سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم 10 کەس لە پارێزگەی ئەنبار دەکەن. لە سووریاش سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.
بۆ بینینی تەواوی ئەم بابەتە کلیک بکە
04:10
ئەندامانی کۆنگرێس کاردانەوەی جیاوازیان بۆ هێرشەکان هەیە
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کاردانەوەی جیاوازیان بۆ هێرشەکانی شەوی هەینیی ئەمریکا بۆ نێو عێراق و سووریا هەیە کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەرباز ئەنجامیدان.
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، لەنێویاندا، جۆنی ئێرنست-ی کۆماری پێشوازیی لە هێرشەکان کرد، بەشێکیشیان دەڵێن، هێرشەکان زۆر درەنگ کەوتن و رێگەیان بە نەیارەکانی ئەمریکادا خۆیان ئامادەبکەن و هەڵبێن.
ئێرنست رۆژی هەینی گوتی: "لە کۆتاییدا، ئێران پێویستە بزانێت باجی خوێنی ئەمریکییەکان چییە."
هێرشەکان کەمێک پێش نیوەشەو بەکاتی هەولێر، دەستیان پێکرد. سەرۆک و وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێن، لەو هێرشانەدا پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، کراونەتە ئامانج.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی ئەم بابەتە کلیک بکە
02:45
بی وەن؛ ئەو فڕۆکەیەی ئەمریکا لە هێرشەکەدا بەکاریهێنا
بی وەن؛ ئەو فڕۆکەیەی ئەمریکا لە هێرشەکەدا بەکاریهێنا
چەند زانیارییەک لەبارەی جۆری ئەو فڕۆکەیەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بەکاریهێنا
فڕۆکەکە بە بی وەن ناسراوە
دەتوانێت باڵەکانی بجوڵێنێت و شێوەی خۆی بگۆڕێت
ساڵی 1970 دەست بە دروستکردنی کرا
یەکەمین فڕینی تشرینی یەکەمی 1986 بوو
یەکەمین چالاکی لە جەنگی ئازادکردنی عێراق بوو
چوار کۆمپانیای ئەمریکی بەشدارییان لە دروستکردنیدا کردووە
پانییەکەی باڵ بۆ باڵ 41.8 مەترە و دەتواندرێت بکرێتە 24.1 مەتر
درێژیی فڕۆکەکە 44.5 مەترە
بەرزییەکەشی 10.4 مەترە
کێشی بی وەن 86.2 تۆنە
دەتوانێت 10 تۆن تەقەمەنی و 120 هەزار لیتر سووتەمەنی هەڵبگرێت
خێراییەکەی دەگاتە 1.2 ماخ (1 ماخ یەکسانە بە خێرایی دەنگ) واتە بە نزیکەیی 1500 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
توانای بەرزبوونەوەی دەگاتە 9 کیلۆمەتر
دەتوانێت هەریەک لە بۆمبی ئێم کەی 82، ئێم کەی 84، ئێم کەی 62 و ئێم کەی 65 هەڵبگرێت
چوار سەرنشین لەخۆ دەگرێت
نرخی یەک دانەشی 317 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە
02:43
جۆن بۆڵتن: دەبوو هێرشی راستەخۆ بکەینە سەر ئێران نەک هێزە بەوەکالەتەکانی
جۆن بۆڵتن: دەبوو هێرشی راستەخۆ بکەینە سەر ئێران نەک هێزە بەوەکالەتەکانی
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند شوێنێکی نێو عێراق و سووریا لە شەوی هەینی، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رەخنە لە جۆ بایدنی سەرۆکی وڵاتەکەی دەگرێت لە بەرامبەر ئەوەی کە نەیتوانیوە راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رۆژی هەینی (بەکاتی واشنتن) نووسیویەتی، "شکستهێنانی بایدن لە پێشاننەدانی هیچ ئاستێکی بەرپەرچدانەوە، لە هەنگاوەکانی ئەمشەودا گەیشتە لووتکە."
بۆڵتن کاتێک لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو، پشتیوانیی لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کرد کە تۆمەتبار بوو بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکەی 28ـی کانوونی دووەم بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 41ی دیکە، بۆڵتن دەڵێت: "کوشتنی ئەمریکییەکان هێڵێکی سوورە کە پێویستە لە رێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران، نەک هێزە بەوەکالەتەکانی."
بۆڵتن دەشڵێت: "پێویستە ئەوان بە رژدبوونی رەتکردنەوەی ئێمە بۆ دووژمنکارییەکانیان بزانن."
02:42
ئەمریکا: هێرشەکانمان 30 خولەکیان خایاند و سەرکەوتوو بوون
ئەمریکا: هێرشەکانمان 30 خولەکیان خایاند و سەرکەوتوو بوون
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سێ دامەزراوەیان لە عێراق بە سەرکەوتوویی کردووەتە ئامانج و پێشتر حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردبووەوە. هەروەها دەڵێت، هێرشەکانیان لە عێراق و سووریا 30 خولەکیان خایاندووە و "سەرکەوتوو بوون."
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، "سێ دامەزراوە لە عێراق و چوار دامەزراوە لە سووریا بە سەرکەوتوویی هێرشیان کرایەسەر."
جۆن کێربی لە واشتنتن دی سییەوە لەبارەی هێرشەکان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد کە دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوو، گوتی "هێرشەکان لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازمان بوو لە ئوردن. هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 85 شوێنیان کردە ئامانج کە خۆیان لە حەوت دامەزراوە دەبینیەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لێیان بەکاردەهاتن."
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، ئامانجەکان "بە وریاییەوە هەڵبژێردرابوون" بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی نەبێت. بەڵگەشیان لەبەردەست بوو کە ئەو دامەزراوانە پەیوەندییان بە هێرشەکەی سەر هێزەکانیان هەبوو لە ئوردن.
شەوی هەینی 2-2-2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگەی دێرەزوور بۆردوومان دەکرێن کە بەوە ناسراون، گرووپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، "هێرشەکە وەک وەڵامێک بوو بۆ کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن."
کێربی هەروەها دەڵێت، "ئێمە هەوڵنادەین ئاماژە بۆ هیچ لایەک بنێرین، تەنیا مەبەستمان ئەوانەیە کە دەیانەوێت ئازاری ئەمریکییەکان بدەن."
لەبارەی هەڵوێستی ئێران، تائێستا هیچ لێدوانێکیان نەبووە و کوژرانی هیچ ئەندامێکیان پشتڕاستنەکردووەتەوە. کێربیش رایگەیاند، "لەدوای هێرشەکەی ئوردنەوە [لە 28-1-2024] تا ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران نەبووە."
رۆژی 28-1-2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن هێزێکی ئەمریکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41ـی دیکەش برینداربوون.
دوای سێ رۆژ ئەمریکا رایگەیاند، "گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەم هێرشەیان کردووە و وەڵاممان بۆیان دەبێت."
02:07
🔴 زانیاری لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارەی لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج
لەدوای گەیشتنەوەی تەرمی سێ سەربازەکەی ئەمریکا، واشنتن هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سووریا دەستپێکرد و یەکەم هێرشی بە لێدانی گرووپی فاتمیوون لە دێرەزوور دەستپێکرد.
گرووپی فاتمیوون کێن؟
گرووپێکی میلیشیایی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە کە لە شیعەکانی ئەفغانستان پێکهاتوون و لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رەوانەی سووریا کراون.
ئەو گرووپە لە 12-05-2013 لەلایەن فەیلەقی قودسەوە لە ناوچەی زەینەبییەی سووریا جێگیرکران. دامەزرێنەری ئەوگرووپە عەلیرەزا تەوەسولییە کە ناسراوە بە ئەبوو حامید، لە 28-02-2015 لە ناوچەی تەل قەرین نزیک سنووری فەلەستین، لەگەڵ رەزا بەخشی، کە جێگری بوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل کرانە ئامانج و کوژران.
کۆتاییەکانی ساڵی 2012، عەلیرەزا تەوەسولی، کە هاووڵاتییەکی شیعەی ئەفغانە لەگەڵ هێزێکی 300 کەسی کە لە پەناخوازانی ئەفغان لە ئێران پێکهاتبوو، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە رەوانەی سووریا کرا، سەرەتا چەکدارانی فاتمیوون لەگەڵ هێزە عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسداران تێکەڵکرابوون، بەڵام ساڵی 2013 ژمارەی هێزەکانیان زیادیکرد و گرووپی فاتمیوونیان وەک هێزێکی سەربەخۆ بۆ دامەزراندن. ساڵی 2015 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ پاراستنی مەزارگەی زەینەب (نەوەی پێغەمبەری ئیسلام د.خ) و پشتیوانیکردنی هێزەکانی بەشار ئەسەد، لە ناوچەی زەینەبییە جێگیرکران.
ناڕەزایی ئەفغانستان بەرامبەر ئێران
چەکدارانی گرووپی فاتمیوون لەو ئەفغانە پەناخوازە شیعانە پێکهاتوون کە بەهۆی شەڕی نێوخۆی ئەفغانستانەوە چوونەتە ئێران. سەرەتا ژمارەی چەکدارەکانی لە 300 کەس تێنەدەپەڕی، بەڵام بە ماوەیەکی کەم ژمارەی چەکدارەکانی رووی لە هەڵکشان کرد و لە ناوچەکانی درعا، دیمەشق، تەدمیر و حەلەب جێگیرکران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە ساڵی 2017 رایگەیاند؛ "تاران هەژاری و بێدەرەتانی پەنابەرە ئەفغانەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تائیفی و پاوانخوازییەکانی خۆی قۆستووەتەوە، ئێمە چەندینجار داوامان لە ئێران کردووە وەکو پەنابەر هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەفغانەکان بکات، نەک وەکو ئامرازێکی شەڕکردن، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو".
فاتمیوون لە شەڕی ئیدلب رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشار ئەسەد، هاوکات لە ناوچەکانی لازقیە، خانسوور، حەما، دێرەزوور، خان تومان، مەیادین و ئەلبوکەمال شەڕیان کردووە و بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە نێوان ساڵەکانی 2016 بۆ 2017 ئێران ژمارەی ئەو هێزەی لە سووریا گەیاندە 10 هەزار کەس.
فاتمیوون لە لیستی تیرۆری ئەمریکا
رۆژی پێنجشەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ "میلیشیاکانی گرووپی فاتمیوون لەلایەن ئێرانەوە بۆ پاراستنی رژێمی ئەسەد رەوانەی سووریا کراون، بۆیە خستماننە نێو لیستی تیرۆرەوە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتبوو؛ "رژێمی ئێران پەنابەرە ئەفغانەکان وەکو قەڵغانێکی مرۆیی لە شەڕی سووریا بەکاردەهێنێت". هاوکات رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی جیهانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردبوویەوە؛ "ئێران منداڵانی 14 ساڵی ئەفغان رەوانەی سووریا دەکات بۆ ئەوەی لەپاڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد شەڕ بکەن و ئەو کارەش لە روانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەکو تاوانی شەڕ هەژمار دەکرێت".
01:28
🔴 لیوا یەحیا رەسووڵ: هێرشەکان لەکاتێکدان کە عێراق لە هەوڵی سەقامگیرکردنی وڵاتەکەدایە
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات. ئەمریکاش دەڵێت، پێشتر عێراقیان لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە.
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون."
لەمبارەیەوە لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "شارەکانی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هێرشی ئاسمانییان دەکرێتە سەر."
لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاندووە: "ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، عێراق هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە لەپێناو زامنکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
دەشڵێت: "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن، تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقن و هەڕەشەیەک پێکدەهێنن کە عێراق و ناوچەکە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان پەلکێش دەکات، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، پێش هێرشەکە حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە.
01:20
🔴 وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بە فەرمانی بایدن حەوت بنکەمان کردە ئامانج
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەی مووشەکیان ئاراستەی حەوت دامەزراوە لە سووریا و عێراق کردووە کە زیاتر لە 85 ئامانجیان تێدا بووە.
دەشڵێت، جۆ بایدن فەرمانیکردووە هێرشەکان بەردەوامی پێبدەن.
دەقی راگەیێندراوەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا
"دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی [نێودەوڵەتی] لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بە فەرمانی سەرۆک بایدن، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر 7 دامەزراوە، کە زیاتر لە 85 ئامانجیان لە نێو عێراق و سووریا لە خۆگرتبوو و لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیا نزیکەکانییەوە بەکاردەهێنران بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا. سەرۆک فەرمانیکردووە کە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە لە بەرامبەر هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی. ئەو هەنگاوانە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان ئاشکرا دەکرێن. ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هیچ شوێنێکی دیکە ململانێمان ناوێت، بەڵام من و سەرۆک هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا قبوول ناکەین. هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەرگری لە ئەمریکا، هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان بکەین."
01:15
🔴 جۆ بایدن: وەڵامی ئێمە ئەمڕۆ دەستیپێکرد
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنیت، لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازیان لە ئوردن، لەسەر فەرمانی ئەو هێزەکانی ئەمریکا چەند بنکەیەکیان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێیانەوە بەکاریان دەهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
بایدن دەڵێت، "ئەمڕۆ هێرشەکانمان دەستیان پێکرد، بەڵام بەردەوام دەبن لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵی دەبژێرین."
لە راگەیێندراوەکەیدا، بایدن دەڵێت: ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان بە دوای ململانێیەوە نییە، بەڵام هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیێنن با بزانن، ئەگەر زیان بە ئەمریکییەک بگەیێنن، وەڵاممان دەبێت.
01:01
🔴 ڤیدیۆی هێرشی مووشەکیی ئەمریکا بۆ ناوچەیەکی قائیم لە عێراق
ئێستا گەیشت؛ ڤیدیۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی نزیک لە ئێران لە قائیمی عێراق؛ چەند کەسێک رادەکەن و هاوار دەکەن
00:45
🔴 ئەمریکا هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکەی سەر سووریا و عێراق پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە."
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون."
لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، سێنتکۆم رایگەیاند "ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو."
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن کە هێرشکراوەتە سەر 8 ناوچە و 6 کەس کوژراون، سێ لەو کوژراوانە سووریایی نین.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەم هێرشە ئاسمانییانەی سەرەتا، هەڵمەتێکی درێژمەودان بۆ بەئامانجگرتنی هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە عێراق و سووریا."
00:30
🔴 تائێستا چی دەزانین؟
- بەپێی زانیارییەکان، هێرشکراوەتە سەر 8 ناوچە و 6 کەس کوژراون، هەروەها بەشێک لەو شوێنانەی بۆردوومانکراون بنکەی سوپای پاسدارانی ئێرانن.
- هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی بە فەرمی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی پێنتاگۆنەوە پشتڕاستیکردەوە کە ئەمریکا ئەو هێرشانەی کردووە بۆ "سزادانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران." ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و کەناڵی سی ئێن ئێن هەمان هەواڵیان پشتڕاستکردەوە.
- بەرپرسێکی ئەمریکی بە فۆکس نیوزی گوتبوو، "ئەم هێرشە ئاسمانییانەی سەرەتا، هەڵمەتێکی درێژمەودان بۆ بەئامانجکردنی هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە عێراق و سووریا".
- میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، لە هێرشەکاندا زیاتر لە 10 کەس کوژراون.
00:20
شەوی هەینی، 2-2-2024، نزیک بە کاژێر 23:00 (بە کاتی هەولێر)، چەندین شوێن و بنکەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە پارێزگەی دێرەزووی سووریا بۆردوومان کران.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، هەشت شوێن بۆردوومان کراون و میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 10 کەس کوژراون.
لە دوو کاژێری رابردوودا، هیچ لایەنێک بە فەرمی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام لە کاژێرەکانی دوای 00:00، کاتێک بوو بە رۆژی شەممە، میدیای ئەمریکی بڵاویانکردەوە، کە پشتڕاستیانکردووەتەوە ئەمریکا لە پشتی هێرشەکانەوەیە.
دوای چەند هەواڵێکی دژ بەیەک، دواجار میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەیەوە پشتڕاستیکردەوە، ئەو هێرشانەی کە درەنگیی شەوی هەینی چەند شوێنێکی لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای عێراق کردنە ئامانج، لە لایەن ئەمریکاوە کراون.
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا لە کاژێرەکانی کۆتایی ئێوارەی هەینی رایانگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی کە نازانرێت سەر بە کام وڵاتن، لانیکەم سێ جار ژمارەیەک پێگەیان لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا بۆردوومانکردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ژمارەیەک پێگە لە ناوچەکانی حەیدەرییە، شیبلی و نزیک بنکەی عەین عەلی لە شاری مەیادینی پارێزگەی دێرەزوور بۆردوومان کراون.
هێرشەکان لەکاتێکدان کە ناوچەکە لە چاوەڕوانیی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکادایە لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەربازی لە ئوردن کە ئەمڕۆ تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە ئەمریکا، دوای ئەوەی لە 28ی مانگی رابردوو بە هێرشێکی درۆنی کوژران کە واشنتن دەیخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
هاوکات بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەمڕۆ دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریکی گەیشتوونەتە بنکەی خراب جیر لە ناوچەی رومێلانی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و چالاکیی فڕینی هێلیکۆپتەر و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی ئەو بنەکەیەدا زیادیکردووە.