لە سوەیدا شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی گشتی روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سوەیدای سووریا، شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی گشتی هەڵگیرسایەوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و 7ـی دیکە بریندار بوون.
یەکشەممە، سێی ئابی 2025، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە پارێزگای سوەیدا شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی گشتی هەڵگیرسایەوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و حەوتی دیکە برینداربوون، کە یەکێک لە کوژراوان کارمەندی ئاسایشی گشتییە.
یەکێک لە کوژراوەکان خەڵکی سوەیدایە و ئەوی دیکەیان کارمەندی ئاسایشی گشتییە.
شەڕەکە لە تەل حەدید لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای سوەیدا روویداوە. تەل حەدید ناوچەیەکی بەرزە لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای سوەیدا و دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی سەعلە و دەوروبەری، هەروەها دەڕوانێتە سەر رێگە سەرەکییەکانی نێوان شاری سوەیدا و دەوروبەری رۆژئاوای، ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری.
دوای ئەوەی ناوچەکە بە گوللـەهاوەن و چەکی قورس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت بۆردوومان کرا، دەنگی تەقینەوە و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی شاری سوەیدا بیسترا.
بەپێی ئاماری روانگەی سووری، ژمارەی کوژراوان لە بەیانیی رۆژی 13ـی تەمووزەوە، بەهۆی پێکدادانەکان و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە 1492 کوژراو، کە بەم شێوەیە دابەشبوون:
708 کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، لەنێویاندا 164 هاووڵاتی سڤیل، کە 21 یان منداڵ و 56 یان ژنن.
470 کارمەندی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی، لەنێویاندا 40 کەس لە هۆزە عەرەبەکان و چەکدارێکی لوبنانی.
15 کارمەندی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
3 کەس، لەنێویاندا ژنێک و دوو کەسی نەناسراو، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کوژراون.
2 رۆژنامەنووس لە کاتی پێکدادانەکاندا لە سوەیدا کوژراون.
291 کەس، لەنێویاندا 17 ژن و 10 منداڵ و پیاوێکی بەساڵاچوو، لەلایەن کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە گولـلەباران کراون.
3 کەس لە هۆزە عەرەبەکان، لەنێویاندا ژنێک و منداڵێک، لەلایەن چەکدارە درووزەکانەوە گولـلەباران کراون.