رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، بەبێ جیاوازی دراوی نوێ دەگەیێندرێتە رۆژهەڵات، باکوور و باشووری ناوچەکانی وڵاتەکەش، کە لە دەسەڵاتی دیمەشقدا نین. ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕیار دراوە مووچەی فەرمانبەران لە مانگی داهاتووەوە، بە دراوی نوێ بدرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-01-2026 عەبدولقادر حەسرییە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا، لەبارەی چۆنێتیی گەیاندنی دراوی نوێی وڵاتەکە بە رۆژئاوای کوردستان و باشووری سووریا، کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق نین، بە رووداوی راگەیاند، دراوەکە بەپێی پلانێکی روون دەگەیێندرێتە ئەو ناوچانە و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان هەیە، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەرانیان بە دراوی نوێ بگاتە دەست.
عەبدولقادر حەسرییە ئاماژەی بەوەش کرد، پلانێکی روون بۆ دابەشکردنی دراوە نوێیەکە لە هەموو ناوچەکاندا هەیە، بە رۆژئاوای کوردستان، باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و باشووری سووریاشەوە، ''ئەمەش لە رێگەی ناوەندە باوەڕپێکراوەکان و ئامێری گواستنەوەی تایبەتەوە دەبێت، بۆئەوەی پارەکە بە سەلامەتی و بەبێ دواکەوتن بگاتە دەستی هەموو هاووڵاتییان.''
وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا دەڵێت، لەگەڵ لایەنە خۆجێییەکان هاوئاهەنگی کراوە بۆئەوەی بڵاوبوونەوەی دراوە نوێیەکە لەنێو بازاڕەکاندا خێراتر بکرێت، "هەروەها بڕیار دراوە مووچە و شایستەی فەرمانبەران لە مانگی داهاتووەوە، بە دراوە نوێیەکە بدرێت."
بڕیار بوو لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە گۆڕینی دراوە کۆنەکان بە دراوی نوێ دەست پێبکات، کە تێیدا دوو سفر لەسەر دراوەکە لادەبرێت و وێنەی سەرکردەکانی دەسەڵاتی پێشوو لادەبرێن. عەبدولقادر حەسرییە گوتی، "میکانیزمێکی شەفاف بۆ گۆڕینەوەی بڕە زۆرەکانی پارە دادەنرێت، کە سنوورێکی دیاریکراوی بۆ گۆڕینەوە دەبێت، بەبێ پرسیارکردن لە سەرچاوەکەیان، لەگەڵ پابەندبوون بە یاساکان."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا باسی لەوەش کرد، دراوە کۆنەکە بە شێوەیەکی سەلامەت کۆدەکرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ گەنجینەکانی بانکی ناوەندی لە دیمەشق.
بە گوتەی عەبدولقادر حەسرییە، بانکی ناوەندی بە هاوکاریی حکومەت و کەرتی تایبەت، رۆژانە چاودێریی بازاڕەکان دەکات، بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی پرۆسەی گۆڕینەوەی دراو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخەکان. هەروەها میکانیزمی تووند دژی هەر پێشێلکارییەک دەگیرێنەبەر، بۆ ئەوەی هێزی کڕینی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
حکومەتی نوێی سووریا بەرزکردنەوەی بەهای لیرە وەک یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی خۆی دەبینێت، ئەوەش لە کاتێکدایە بەهای دراوەکە لە ساڵی 2011ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
عەبدولقادر حەسرییە پێشتر رایگەیاندبوو، دراوی نوێ هێمای "سەروەریی داراییە لەدوای رزگاری" و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بووژانەوەی ئابووری.
ئەم گۆڕانکارییە داراییانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی ناسراو بە "قەیسەر" لەلایەن ئەمریکاوە، کە چاوەڕوان دەکرێ رێگە بۆ سەقامگیریی ئابووریی درێژخایەنی وڵاتەکە خۆشبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ