ئەندامێکی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ دیمەشق: دوای جەژن لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆدەبینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ دیمەشق رایگەیاند، بڕیارە دوای جەژن جارێکی دیکە لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆببنەوە، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێکهێندراون و ئامادەن بۆ هەموو دۆسیەکان، بەڵام ئەوان چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەکانی حکومەتی سووریا دەکەن.
 
سەنحاریب بەرسووم، ئەندامی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بە سەردانیان بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی سووریا کرد و گوتی، "لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ حکومەتی سووریا باسی هەموو دۆسیە گرنگەکانمان کرد، لەسەر دامەزراندنی کۆمیتە تایبەتەکان رێککەوتین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەکانی ئیداری، خزمەتگوزاری و سەربازی."
 
رۆژی 01-06-2025 لە دیمەشق، شاندەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی 10ی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوە.
 
سەنحاریب بەرسووم باس لە هەندێک دۆسیە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکران و گوتی، "یەکێک لە دۆسیە گرنگەکان کە لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە، دۆسیەی تاقیکردنەوەکانی قوتابییانی پۆلی 9 و 12یە، کە بەپێی بەرنامەی حکومەتی سووریا لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخوێنن، لەو رووەوە شاندی دیمەشق بەڵێنیان پێداین کار لەسەر چالاککردنی ئەنجامی رێککەوتنەکانی لیژنەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و وەزارەتی پەروەردەی سووریا بکەن، ناوەندی تایبەت بۆ تاقیکردنەوەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکەنەوە."
 
رۆژی یەکشەممە 01-06-2025 عەمید زیاد ئەلعایش، ئەندامی شاندی حکومەتی سووریا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەندین دۆسیەی گرنگ رێککەوتن کراوە، دیارترینیان پێکهێنانی لیژنەی لاوەکیی پسپۆڕییە، ئەم لیژنانە ئەرکیان بەدواداچوون دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، کە لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرابوو.
 
لەبارەی ژمارەی لیژنەکانەوە، ئەو ئەندامەی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێکهێندراون، بەڵام حکومەتی سووریا تائێستا تەواوی لیژنەکانی پێکنەهێناوە و دەڵێت، "لیژنەکانی تایبەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئاسایشی ناوخۆیی، ئیداری و خزمەتگوزاری، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دامەزراون، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەن و پێکهێندراون، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لیژنەکانی حکومەتی سووریا دەکەین بۆئەوەی پێکبهێندرێن، بۆئەوەی دوای جەژن جارێکی دیکە کۆببینەوە."
 
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی قامشلۆ و گەشتەکانی، بەرسووم ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە و فڕۆکەخانە ئامادەیە بۆ گەشت، "کێشەیەکی سیاسی و سەربازی هەیە، ئەویش بوونی هێزەکانی رووسیایە لەنێو فڕۆکەخانەکە، کە پێویست دەکات حکومەتی سووریا ئەو کێشەیە لەگەڵ رووسیا چارەسەر بکات."
 
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەنحاریب بەرسووم نەیشاردەوە کە ئەوان ئاگاداری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکان، " لە کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا پرسی هێزە بیانییەکانمان گفتوگۆ نەکردووە، بەڵام ئەوەمان بیستووە کە ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کەم دەکاتەوە، ئەمەش پەیوەستە بە سیاسەتی ئەمریکا. تائێستاش زانیاریی پشتڕاستکراوەمان نییە لەسەر ئەو بنکەی ئەمریکا دەیهێڵێتەوە، بەڵام بڕوام وایە بنکەی تەنەف دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە 03-06-2025 بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم قۆناخەدا چەند سەت سەربازێک دەکشێندرێنەوە. ژمارەی هێزەکانمان بۆ 1000 سەرباز کەم دەکەینەوە."
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، دەکرێت ژمارەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەگوێرەی دۆخی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا بێت.