هەسەدە دەستگیرکردنی 71 کەسی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەنجام دا و 71 کەس دەستگیرکران. 
 
5ی تشرینی یەکەمی 2025، هەسەدە بڵاویکردەوە، یەکەکانی کۆماندۆیان بە هاوئاهەنگی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتوو"یان لە گوندی هیشە لە سنووری شارۆچکەی عەین عیسا ئەنجام داوە؛ دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شانەکانی داعش و پاشماوەی تۆڕە تاوانکارییەکان بوو لەو ناوچەیە". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو ئۆپەراسیۆنەدا 71 کەس دەستگیرکران؛ بەشێکیان بەهۆی پەیوەندی بە داعش و ئەوانی دیکەش بەشداربوون لە تۆڕە تاوانکارییەکان، لەوانە دزین، رفاندن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر".
 
هەسەدە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە "هەنگاوێک دوای پلانێکی هەواڵگریی ورد و چاودێریی بەردەوام" دادەنێ بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپانەی ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکان توانیویانە دەستبەسەر ژمارەیەک چەک، تەقەمەنی و ئامێردا بگرن کە بۆ تووندوتیژی و کارە "تیرۆریستییەکانیان" بەکارهێندراون. 
 
ئەو ئۆپەراسیۆنەی هەسەدە لە کاتێکدایە چەند جارێک بەرپرسانیان هۆشدارییان لە ئەگەری زیادبوونی هێرش و جموجووڵەکانی داعش لە سووریا داوە. 
 
22ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی:"لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە تاوەکو 20ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، شانەکانی رێکخراوەکە (داعش) 153 هێرشیان لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ رێکخستنەوە و فراوانکردنی مەودای جموجووڵەکانیان."