رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا جەنگ دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رادەگەیێنێت، کە پڕن لە خەڵکی سڤیل. جەنگی قڕکردن دژی کورد رادەگەیێنێت کە بەدەست ستەمی رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە خەڵکی عەفرینن، کە بە زۆر کۆچبەر کراون."
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-01-2026 ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسی، ئەم هەنگاوەی سووریا لە کاتێکدایە، "ئەو دوو گەڕەکە لەژێر گەمارۆیەکی تووندی ئەو گرووپانەدان کە سەر بە وەزارەتی بەرگریین. سەرەڕای پابەندیی کورد بە رێککەوتنی 1ی نیسان، بەڵام لایەنی بەرامبەر پابەند نەبووە. سەرەڕای پەیوەندیی چڕی ئێمە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، بەڵام وەزارەتی بەرگریی رەتیدەکاتەوە دیالۆگ بکات."
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر ئەوەی روودەدات لەئەستۆ بگرن و رێگەی عەقڵ و لۆژیک بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی دیالۆگەوە و دوورکەوتنەوە لە شێوازی جەنگ و شەڕ. ئەو جەنگانەی سووریاییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە بەسە. داوا لە سووریاییەکان و گەنجانی سووریا دەکەین لەو رێگەیانە دووربکەونەوە و دەنگی حەق بەرز بکەنەوە و جەنگ رەتبکەنەوە."
ئەم نووسینە لە کاتێکدایە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای سووریا رایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، وەک "ئامانجی سەربازیی رەوا" تەماشا دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.
سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەو هێزانە گرژییەکانیان بەرەو گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەلەب پەرەپێداوە و "کۆمەڵکوژییان" دژی هاووڵاتییانی سڤیل کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە دانیشتووانی سڤیلی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە بە زووترین کات لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ