لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەرمان نەماوە "142 هەزار کەس ئاوارە بوون"

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ سێیەم رۆژ لە دواى یەک، گرژییەکانى هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەى زۆرینە کوردى شارى حەلەب پێى نایە قۆناخێکى تووندتر، کە قوربانى و ئاوارەبوونى زیاترى لێکەوتەوە. 
 
پێنجشەممە 8ى کانوونى دووەمى 2026 پێکدادانى نێوان هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر و گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتى سووریا چڕتر بووەوە.
 
راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، رێگر نەبوو لە ئاڵۆزتربوونى دۆخەکە لەرووى سەربازی و مرۆییەوە. 
 
هەردوولاى ململانێکە ئامارى جیاواز لەبارەى قوربانییانى نێو هاوڵاتیانى سڤیل و زیانى شەڕەکان بڵاوکردەوە.
  
ئاسایشی حەلەب: هێرشێکی بەرفراوانمان تێکشکاند
 
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتىی خۆسەرە رایگەیاند، هێرشێکی "بەرفراوان"ـی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و هەزاران چەکداریان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکشکاندووە و  لە شەڕەکەدا تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنراون و حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە.
 
بەپێی راگەیێنراوەکە، هێرشەکە بە بەشداریی "زیاتر لە 60 تانک و زرێپۆش، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەزاران چەکدار" بە پشتیوانیی درۆن و بۆردوومانی چڕ کراوە و ئامانجیان داگیرکردنی گەڕەکەکان بووە.
 
 بەهۆى ئەو پێکدادانانەوە، ناوچەکانى نیشتەجیبوون بۆردوومان کراون، ئاسایشى حەلەب دەڵێت، "دوای شکستھێنانیان لە پێشڕەوی زەوینی و هەڵاتنیان لە بەرەکانی شەڕ، گرووپەکان دەستیان کردووە بە تۆپبارانی وەحشیگەرانەى گەڕەکەکان".
 
لیژنەی ناوەندیی بەدەنگەوەچوونی حەلەب کە سەر بە حکومەتی سووریایە، چیرۆکەکە بەشێوەیەکى دیکە دەگێڕێتەوە و هێزەکانى سووریاى دیموکرات- هەسەدە تۆمەتبار دەکات بە تۆپبارانکردنی رێڕەوە مرۆییەکان.
 
دوو ژمارەى جیاوازى کوژراوان 
 
 ئامارەکانى کوژران و بریندارانى سێ رۆژى پێکدادانەکە لە نێوان هەردوولا جیاوازن.
 
د. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانى ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بە رووداوى راگەیاند: بەپێی ئامارەکان تاوەکو دوێنێ 65 سڤیل بوونەتە قوربانی کە 9 کوژراو و زیاتر لە 56 بریندارن.
 
بەڵام لیژنەی بەدەنگەوەچوونی حەلەب کە سەر بە حکومەتى سووریایە دەڵێت، کوژراوان گەیشتوەتە 10 کەس و بریندارانیش زیاد بوون بۆ 88 کەس.
 
 بەهۆى دۆخى خراپى نەخۆشخانەکان و چڕى پێکدادانەکان، کێشە بۆ برینداران دروست بووە.
   
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانى ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەڵێت: "نەخۆشخانەکان بێ دەرمانن و تەنیا یەک مۆلیدە ماوە کە سووتەمەنییەکەی بەرەو تەواوبوونە". 
 
لیژنەی بەدەنگەوەچوونی حەلەبیش ئاماژە بەوەدەکات کە 142 هەزار کەس ئاوارە بوون کە 13 هەزاریان ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوارە بوون.
  
کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان بەئاڕاستەى هێورکردنەوەن
 
بڕیارە شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بە سەرۆکایەتی ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتیەکە لەبارەى ئەو دۆخەى حەلەب سەردانی دیمەشق بکەن، یەکێتییەکە داوای "دانبەخۆداگرتن" دەکات.
 
سێناتۆر ئاندی کیم کە سیناتۆرى دیموکراتەکانى ئەمریکایە بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر دیمەشق دەیەوێت واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات یان یارمەتی بدات، دەبێت "مەرجی پاراستنی کورد و کەمینەکان" جێبەجێ بکات.
 
لەسەر ئاستی وڵاتانى ناوچەکەش هەڵوێستەکان لەبارەى دۆخى حەلەب و بارگرژییەکان جیاوازن.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە" و ئامادەیی بۆ هاوکاریی دیمەشق دژی هەسەدە نیشاندا.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا گوتی: "دەزانین کە دۆخێکی هەستیار لەوێ هەیە. ئەوەی دوای شۆڕشی سووریا گوتوومانە ئەوەیە؛ یەکپارچەیی خاکی سووریا گرنگە، رێگری لە تێکدانی ئەم یەکپارچەییە لە بەرژەوەندی گەلی سووریایە. ئێمە پێشنیاز و تێبینییەکانی خۆمان بە سووریا و لایەنی پەیوەندیدار دەگەیێنین."
 
هەڵوێستى ئیسرائیل لەسەر دۆخى کورد لە حەلەب بەئاراستەیەکى دیکە بوو، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی سەر کوردی بە "مەترسیدار" وەسف کرد.
 
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە پێشهاتەکانی حەلەبیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیی راگرتنی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و دەستپێکردنەوەی دانوستاندن کردەوە.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەى دەربڕی لەبارەی ئەو هێرشانە کە ناوچە سڤیلنشینەکان دەکەنە ئامانج و بوونەتە هۆی "ئاوارەبوونی هەزاران دانیشتووی کورد لە ناوچەکانیان".
 
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە پەیوەندیدایە
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکرای دەکات کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، هێڵێکی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتن، پاریس و ئەنقەرە کردووەتەوە؛ ئامانجیشیان ئەوەیە ئەو وڵاتانە ببنە نێوەندگیر لەگەڵ دیمەشق بۆ رێگریکردن لە هەر کۆمەڵکوژییەک.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن، پاریس و ئەنقەرە لەسەر پێشهاتەکانی حەلەب بەردەوامە. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو وڵاتانە وەک نێوەندگیر لەنێوان ئێمە و دیمەشق کاربکەن."
 
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان بەکارهێنانی "زمانی ژیری و لۆژیکە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بێ ئەوەی دۆخەکە بگاتە ئاستی سەربازی یان "کۆمەڵکوژی دژی سڤیلەکان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چین داوا دەکات، لایەنەکان لە سووریا پلانێکی ئاوەدانکردنەوە بدۆزنەوە کە "بەرژەوەندییەکانی گەل" دابین بکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: هیوای سەقامگیری بۆ سووریا دەخوازین

وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی رووداوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب رایگەیاند، "هیوا دەخوازین لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر سووریادا بکێشێت".