رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئاسایشی ئێزیدخان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەکات و دەڵێت، ئەو لایەنانەی لەپشت هێرشەکەوەن، "هەمان ئەو گرووپانەن ساڵی 2014 جینۆسایدی ئێزدییەکانیان کرد."
فەرماندەیی ئاسایشی ئێزیدخان لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەربڕی و رایگەیاند، ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیە دەکرێن، نیشانەی "پەیڕەوکردنی تووندوتیژی و پەراوێزخستنە."
ئاسایشی ئێزیدخان پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە رادەکێشێت کە ئێستا لە حەلەبن و دەڵێت، "ئەوانەی لەپشت ئەم تاوانانەوەن، هەمان ئەو کەسانەن کە تاوانی کۆمەڵکوژییان دژ بە ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 کرد."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گۆڕینی شوێن و جوگرافیا نابێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەکان و رزگاربوونی تاوانباران لە سزا، هۆکارە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە مەترسیدارانە."
فەرماندەییەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، "بێدەنگیی خۆیان بشکێنن" و ئەرکی خۆیان بەرامبەر ئەم تاوانبارانە جێبەجێ بکەن، هەروەها کار بۆ راپێچکردنی بەرپرسانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگە بکەن.
فەرماندەیی ئاسایشی ئێزیدخان، هێزێکی ئەمنی و پۆلیسیی خۆجێییە لە ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری، کە دوای کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014 دامەزراوە.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە شەڕ لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە؛ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی حەلەب) هێرشە زەوینییەکانیان تێکشکاندووە، بەڵام سوپا هەڕەشەی بۆردوومانی ئاسمانی دەکات.
بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە 140 هەزار کەس لەو دوو گەڕەکە کوردنشینە ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ