بە سابوون و كفن هەڕەشە لە لایەنگرانی ئەنەكەسە دەكرێ‌

10-03-2017
برادۆست ئازیزی
نیشانەکردن ئەنەكەسە
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوای شەڕەكەی خانەسۆر لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژئاوای سەر بە زێرەڤانی و یەكینەكانی بەرخودانی شنگالی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان كە سەر بە پەیەدەیە، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا دەستپێكردووە و چەندین سەركردەی لێ‌ دەستگیركردوون.

ئەنوەر ناسۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی یەكێتیی كورد لە سووریا بە (رووداو)ی راگەیاند "تاوەكو ئێستا زیاتر لە 40 ئەندامی پارتی یەكێتیی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا دەستگیركراون، ژمارەیەكیش لە ئەندامانی هەردوو حیزبەكە لە ترسی گرتن، خۆیان حەشارداوە و ئاسایشی پەیەدە بە دوایان دەگەڕێت".

هەڵمەتی دەستگیركردن و راوەدوونانی ئەندامانی حیزبەكانی سەر بە ئەنەكەسە هەموو شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستانی گرتووە، ئەنوەر ناسۆ ئاشكرای كرد، ئەمجارە لە دێركەوە تا عەفرین ئاسایشی پەیەدە هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسەی دەستپێكردووە، لە كۆبانێش چەندین كەس دەستگیركراون. هەروەها ئاسایش هەڵیكوتاوەتە سەر گوند و ماڵی خەڵكی مەدەنی. هەر ماڵێك ئاڵای كوردستانی لەسەر بەرزكرابێتەوە، دەبێتە ئامانجی هێرشی لایەنگرانی پەیەدە.

لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان دوای سووتاندنی بارەگای حیزبی یەكێتی كورد و هێرشكردنە سەر بارەگاكەی پەدەكەسە، لایەنگرانی پەیەدە هێرشیان كردە سەر ماڵی هاووڵاتییەكی ئەو شارە و ئاگریان لە ماڵەكەی بەردا، چونكە ئاڵای كوردستانی لەسەر ماڵەكەی هەڵكردبوو.

سیراجەدین (باڤێ سەردار) كە ماڵەكەی لەلایەن لایەنگرانی پەیەدەوە  سووتێندراوە، بە (رووداو)ی گوت "لایەنگرانی پەیەدە بەشێوەیەكی دڕندانە هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەم و ئاگریان لە ماڵەكەم بەردا".

لە شاری دربێسیەی رۆژئاوای كوردستان، ئاسایش هەڵیكوتایە سەر سێ گوندی ئەو شارە. چەند هاووڵاتییەكی ئەو گوندانە كە لە ترسی دەستگیركردنیان نەیانویست ناویان ئاشكرا بكرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند "ئاسایش بە ئۆتۆمبێل و چەكی زۆر كە عەرەبی هاوردەشیان  لەگەڵدابوو، هێریشیان كردە سەر چوار گوندی ئەو شارە و سێ كەسیان دەستگیر كرد.
هەر لە هەمان شار، ئاڵای كوردستان لەسەر نووسینگەی ئەنەكەسە هێنرایە خوارەوە. بەپێی قسەكانی سەرۆكی لقی ئەنەكەسە، لایەنگرانی پەیەدە سووكایەتیان بە ئاڵای كوردستان كردووە.

لە شاری عەفرینیش بارودۆخەكە بەشێوەیەك خراپە، جگە لە ئەندامی سەركردایەتیی پەدەكەسە، عەبدولڕەحمان ئاپۆ كەس ناوێرێ قسە بۆ میدیاكان بكات. عەبدولڕەحمان ئاپۆ كە رۆژی 4/3/2017 بۆ ماوەی چەند كاژێرێك دەستگیركرا، بە (رووداو)ی گوت "لە زیندان سووكایەتی زۆرم پێكرا".

 ئاپۆ دەڵێت هەڵمەتی دەستگیركردنی لایەنگرانی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان، پەیامی پەكەكەیە بۆ دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان "ئەوان بەو هەڵمەتە دەیانەوێ‌ بە دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان بڵێن، ئەگەر داوای كشانەوەمان لێ بكەن لە شنگال، ئەوا ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان كێشەتان بۆ دروست دەكەین".

ئەنوەر ناسۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی یەكێتی كورد كە شەش جار لەلایەن حكومەتی سووریا و سێ‌ جار لەلایەن ئاسایشی پەیەدەوە دەستگیركراوە بە (رووداو)ی گوت "ئەوانەی لە هەڵمەتی دەستگیركردن و هێرشكردنەكان بەشدارن هەندێكیان كادیرەكانی پەكەكەن و خەڵكی باكووری كوردستانن، زۆربەی جاریش بڕیاری دەستگیركردنی كوردی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەو كادیرانەوە دەردەچێ".

ناسۆ هەروەها ئاشكرای كرد، وەكو چۆن باشووری كوردستان دەیەوێ پەكەكە شنگال چۆڵ بكا، ئەوانیش وەكو حیزبە رەسەنەكانی رۆژئاوای كوردستان داوا لە كادیرەكانی پەكەكە دەكەن رۆژئاوای كوردستانیش چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە مەیدانی خەباتی خۆیان كە باكووری كوردستانە.

دوای شەڕەكەی خانەسۆر، پارتی هەرێمە دیموكراتەكان كە پارتێكی كوردی باكووری كوردستانە و نزیكە لە پەكەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان، هێرشی كردە سەر پێشمەرگەی رۆژئاوا و بە "چەتەكانی توركیا" ناوی بردن.

پەیەدە و سەرجەم ئەو میدیایانەی نزیكن لە پەكەكە، چەند رۆژێكە بە زمانێكی توند دژی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سوریا دەدوێن، ئەوەش ناڕەزایی كوردی رۆژئاوای كوردستانی لێكەوتووەتەوە و دەڵێن ئەو زمانەی ئەوان قسەی پێدەكەن نامۆیە بە كولتووری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان.

برێت مەكگورك هاتە سەر خەت

ئیبراهیم برۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد كە ئێستا لە واشنتنە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا كۆبووەتەوە،  بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 6/3/2017 سەردانی كۆشكی سپی بكات.

ئیبراهیم برۆ بە (رووداو)ی گوت "دوای شەڕەكەی خانەسۆر، برێت مەكگورك نوێنەری ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش، پەیوەندی پێوەكردین كە هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێت و لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان لە یەكدی نزیك بكاتەوە، ئەمەش یەكەمجارە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی بەدەر لە شەڕی داعش باس لە كێشە نێوخۆییەكانی رۆژئاوای كوردستان بكات".

هەروەها سیامەند حاجۆ، ئەندامی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە كە لەگەڵ شاندەكەی ئەنەكەسە لە ئەمریكایە گوتی "ئەمریكییەكان پێیانڕاگەیاندین لە داهاتوودا گفتوگۆ لە بارەی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستانیش دەكەین بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان بگێڕن و دەربازی نێو خاكی سووریا ببن".

بە سابوون هەڕەشەیان لێدەكەن

سەرچاوەیەك لە شاری سەرێكانیێ بە (رووداو)ی راگەیاند، لایەنگرانی پەیەدە فیشەكێكیان خستووەتە نێو سابوونێك و كفنێكیشیان لە سابوونەكە ئاڵاندووە، لەگەڵ نامەیەك بە زمانی عەرەبی لەبەر دەرگای بارەگای ئەنەكەسەیان داناوە. ئەمەش وەكو هەڕەشەیەك لەلایەنگرانی ئەنەكەسە. 

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، نامەكە بە زمانێكی شڕی عەرەبی نووسراوە، گوتیشی "لە نامەكەدا هەڕەشە لە كوشتنی ئەندامانی ئەنەكەسە كراوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە