ئاژانسێکی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: رەنگە رێگرییەکانی سووریا لە کەپتاگۆن کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێی دروست بکات

11-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی مادە هۆشبەرەکان لە ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رێگری لە مادە هۆشبەرەکان بە رووداوی راگەیاند، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی هاوشێوەی بەرپرسانی سووریا بۆ رێگری لە مادە هۆشبەرەکان دەکەن. دەشڵێت، رەنگە ئەو رێگرییانە کێشەی گەورە بۆ وڵاتانی دراوسێی دروستبکات.  

ئەلیکساندەر سۆدەرهۆلم، پسپۆڕی مادە هۆشبەرەکان لە ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رێگری لە مادە هۆشبەرەکان سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ رێگری لەو مادانە بە نیاز مستەفا، کارمەندی دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێمە بینیومانە و ئەوەی بەرپرسانی سووریا بڵاویانکردووەتەوە ئەوەیە کە ژمارەیەک رێکاریان بۆ ئەو بابەتە گرتووەتەبەر." 
 
دەشڵێت، "لەوانەیە لە کورت مەودادا ئەو رێکارانە ببنە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و بردنەدەرەوەی مادەکان، بەڵام نازانین لە داهاتوو و درێژمەودادا چی روودەدات". 
 
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە لەوانەیە بەرهەمهێنەران بچنە وڵاتانی دراوسێ (ی سووریا). ئەمە لەوانەیە چی دیکە نەبێتە کێشە بۆ سووریا بەڵام کێشەی گەورە بۆ وڵاتانی دراوسێی دروست بکات". 
 
لە سەردەمی ئەسەد، سووریا بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی کەپتاگۆن دادەندرا و بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، داهاتی ساڵانەی بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد 5 ملیار دۆلار بووە. 
 
سۆدەرهۆلم گوتیشی، دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکان لە سنوورەکان، دەروازەکان و ناوخۆی یەکێتییەکە زیادیکردووە و "ئەگەر سەیری ئامارەکانی 2012 بۆ 2022 بکەین دەبینین دەستبەسەرداگرتنی کۆکاین 376٪ زیادیکردووە کە زۆرترینە. دەستبەسەرداگرتنی مێتافیتامین 293٪ و حەشیش 184٪ زیادیکردووە." 
 
بە گوێرەی گوتەکانی ئەو پسپۆڕە، پێرار دەستیان بەسەر نزیکەی هەزار و 100 تۆن مادەی هۆشبەردا گرت، پاریش بە نزیکی دەست بەسەر هەمان بڕدا گیرا. 
 
سەبارەت بەو رێگەیەی مادە هۆشبەرەکان پێیدا دەگەنە یەکێتیی ئەورووپا، ئەو پسپۆڕە دەڵێت، هیرۆین لە ئەفغانستانەوە بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە دیاریکراوی رێگەی بەڵکاندا دەگاتە ئەورووپا، کۆکاین لە ئەمریکای باشوورەوە، کەپتاگۆنیش لە سووریا و لوبنانەوە بۆ وڵاتانی یەکێتییەکەیان دەگوازرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە