مەسەدە: ئەمریکا گوشار دەکات لەگەڵ دیمەشق دانوستاندن بکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق رایدەگەیێنێت، ئەمریکا گوشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا. دەشڵێت: "واشنتن بە راشکاوی پێی راگەیاندووین، ئەگەر گرژی لە رۆژهەڵاتی فورات بێت دەستوەردان دەکەن، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە [وەک حەلەب] دەستوەردان ناکەن."
عەبدولوەهاب خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە لە دیمەشق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە هەڵوێستی ئەمریکا کرد سەبارەت بە گرژی و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی حەلەب و گوتی: "ئەمریکا ئەجێندا و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخاتە پێش هەر ئەجێندا و بەرژەوەندییەک."
بە گوتەی عەبدولوەهاب خەلیل، ئەمریکییەکان پەیامێکی روونیان داوەتێ و گوتوویانە: "ئەگەر ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات بێت دەتوانین دەستوەردان بکەین، بەڵام ئەگەر لە ناوچەکانی دیکە بێت دەستوەردان ناکەین."
بەرپرسەکەی مەسەدە ئاشکرای کرد کە گوشاری دەرەکی، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە هەیە بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق دەستپێبکەنەوە.
عەبدولوەهاب خەلیل گوتی: "هەموو گەلی سووریا خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن و ئاشتین؛ هەمووان چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی دیمەشقن."
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانە کرد کە رۆڵیان لە گەڵاڵەکردنی "رێککەوتننامەی 10ی ئادار" هەبووە، جارێکی دیکە رۆڵی ئەرێنییان هەبێت.
سەبارەت بە پێکدادانەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە هۆشداری دا لەوەی ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن، "سەردەکێشێت بۆ شەڕی نێوخۆیی و مەترسی لەسەر هەموو سووریا دروست دەکات."
عەبدولوەهاب خەلیل ئاماژەی بەوە کرد کە "بەرژەوەندیی دەرەکی" رۆڵی لەو دۆخەدا هەیە و گوتی: "هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان رۆڵیان هەبوو لە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب، بەتایبەت رێککەوتنی ئەمنیی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا، کە وایکرد تورکیا گوشار بکات تاوەکو لەو رێککەوتنەدا رازی بکرێت."