ترەمپ ئاماژە بۆ کەمکردنەوە یاخود هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات

12-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، رەنگە سزاکانی سەر سووریا سووک بکات یاخود هەڵیانبگرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ترەمپ لەبارەی سزاکانی سەر سووریا گوتی، "دەبێت بڕیارێک لەبارەی سزاکان بدەین، کە دەکرێت زۆر بە باشی سووکیان بکەین."
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "دەتوانین سزاکان لەسەر سوریا لابدەین، چونکە دەمانەوێت دەستپێکی نوێیان پێبدەین."
 
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاوە پرسیاری سزاکانی سەر سووریای لێکراوە و گوتیشی، "زۆر کەس لەوبارەیەوە پرسیاریان لێکردووم، چونکە ئەو شێوازەی کە ئێمە سزامان بەسەردا سەپاندوون، دەرفەتی ئەوتۆیان ناداتێ، هەربۆیە دەمانەوێت یارمەتییان بدەین."
 
بەهۆی جەنگی نێوخۆی سووریا کە 14 ساڵی خایاند، ئابووریی سووریا زۆر خراپ بووە.
 
بەرپرسانی نوێی سووریا چەندین جار داوایان کردووە سزاکانی سەر دیمەشق بە تەواوی هەڵبگیرێن.
 
ئەمریکا بە درێژایی چەندین دەیەیە سزای زۆری بەسەر سووریا سەپاندووە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011دا، ئەم سزایانە ئامانجیان گوشار خستنە سەر حکومەتی پێشووی سووریا بوو بۆ ئەوەی دەستبەرداری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ بێت، پشتیوانی لە تیرۆر نەکات و بەشداری لە چاکسازی سیاسیی راستەقینەدا بکات.
 
بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا بریتیین لە: خستنە نێو لیستی تیرۆر، سەپاندنی سزای قورسی ئابووری بۆ سەر بەرپرس و دامەزراوەکانی سووریا، سڕکردنی سامانی بەرپرسانی سووریا، رێگەگرتن لە وەبەرهێنانی نوێ لە نێو سووریا و رێگەگرتن لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە