رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا چەند مەرسوومێکی دەرکرد و تێیدا چەند مافێکی بۆ کورد دیاریکرد، یاساناسێک دەڵێت: "بڕیارەکە لە ئاست داخوازیی گەلی کورد نییە، بەڵام هەنگاوێکە بۆ ئەوەی پرسی کورد بچێتە قۆناخێکی دیکەوە."
یاساناس عومران مەنسوور، کە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە و لە پاریس نیشتەجێیە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئەو بڕیارانەی ئەحمەد شەرع، لە ئاست داخوازییەکانی کوردی رۆژئاوا نییە، ئەوان [کورد] دەیانەوێ مافەکانیان بچەسپێنرێت نەک تەنیا هەنگاوێکی سیمبولانە بێت، ئەوان دوای 100 ساڵ خەبات و شۆڕش، دەیانەوێ مافەکانیان لەنێو دەستووردا بچەسپێنرێت."
مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، شوناسی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووری بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.
"مەرسوومەکە هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ"
یاساناس عومران مەنسوور دەڵێت: "ئەم مەرسوومەی سەرۆکی سووریا، پرسی کورد لە سووریا دەباتە قۆناخێکی دیکە، لەکاتێکدا پرسی کورد زۆر بەرتەسک کرابووەوە، ئەمڕۆ لە 16ی ئەم مانگەوە، بە شێوازێکی جیاوازتر چووەتە قۆناخێکی فراوانتر و گفتوگۆیەک لەسەر مافی کورد دروست بووە."
گوتیشی: "ئیدی وەکو رژێمەکانی پێشوو نکۆڵی لە کورد ناکرێت، ئەمڕۆ ئەم مەرسوومە هەنگاوێکە بۆ دیاریکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا. ئەم مەرسوومە هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد."
"ئەحمەد شەرع بەبێ گەڕانەوە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد مەرسوومەکەی دەرکردووە"
ئەو یاساناسەی رەخنەی لە مەرسوومەکەی سەرۆکی کاتیی سووریا هەیە و دەڵێت: "لەلایەن رژێمێکەوە دەرکراوە کە فەرمی نییە و بە هەڵبژاردن نەهاتووەتە سەر حوکم. یەکێک لە رەخنەکان ئەوەیە کە سەرۆکی سووریا بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزە سیاسییە کوردییەکان بڕیاریداوە و وەکو ئەوەی بڵێ من خاوەنی هەموو شتێکم."
"دوای مەرسوومەکە کورد دەست بە گفتوگۆ بکات"
عومران مەنسوور دەڵێت: "دەبێ لەدوای ئەم مەرسوومە کورد بێنە سەر مێز و دەست بە گفتوگۆ بکەن و دەتوانن مەرسوومەکە ببەنە قۆناخێکی دیکەوە و بەکاری بێنن بۆ دەستخستنی مافەکانی کورد."
لەبارەی ناساندنی زمانی کوردی وەکو زمانێکی نیشتمانی لەلایەن ئەحمەد شەرعەەوە، ئەو یاساناسە رەخنەی هەیە و دەڵێت: "رەخنەیەکی زۆر لەسەر ئەمە هەیە، کاتی خۆشی کورد کاری بۆ ئەوە دەکرد کە زمانی کوردی، دووەم زمانی فەرمی وڵات بێت، واتە بە فەرمی لەسەر نووسراوەکانی حکومەتی سووریا بێت، لەسەر پاسپۆرت و ناسنامە بێت. دووەمیش، زمانی کوردی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بخوێنرێت، لە پرۆگرامی خوێندن و بابەتی دیکە."
ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێ زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی بناسێنرێت و بخوێنێت، بەڵام ئەم مەرسوومە وەکو یارییەک وایە لەبارەی مافە سیاسییەکانی کورد و لەسەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد. باشە چ میللەتێک هەیە مافی قسەکردن و خوێندنی بە زمانی خۆی نەبێت؟"
"ئەم مەرسوومە هەنگاوێکی یاسایی گرنگە، بۆ پرسی کورد لە نێوخۆی سووریا، کە دەیباتە قۆناخێکی دیکەوە و گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی مافی کورد بچێتە قۆناخێکی باشترەوە."
"لە سەردەمی ئەسەدەوە خەڵک خۆی نەورۆزی کردووە بە جەژن"
لە خاڵێکی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع دا، جەژنی نەورۆز وەکو بۆنەیەکی فەرمی ناسێنراوە و کراوە بە پشوو، بەڵام یاساناسەکە دەڵێت: "لە دوای ساڵی 2011ەوە خەڵک خۆی نەورۆزی ناساندووە و کردوویەتی بە فەرمی، لەکاتێکدا رژێمی ئەسەد خەڵکی دەکوشت و دەبڕی، خەڵک لە نەورۆز دەردەچوون و ئاهەنگیان دەگێڕا، نە دەچوون بۆ قوتابخانە و دەوام و دەیانگوت چ دەبێ با ببێ."
"بەشار ئەسەدیش ئامادەبوو وڵاتینامە بدات بەو کوردانەی نیانە"
لەبارەی پێدانی وڵاتینامەش، یاساناس عومران مەنسوور گوتی: "بەشار ئەسەدیش ئەوەی بۆ دەکردین، لە 7ی ئەپریلی 2011دا بەشار ئەسەد مەرسوومی ژمارە 49ی دەرکرد بۆ پێدانی وڵاتینامە بەو کوردانەی نیانە بۆ ئەوەی بەشداریی لەو شۆڕشەدا نەکەن کە وڵاتەکەی گرتبووەوە، ئەمە لە ترسی ئەوە بوو کە دۆزی کورد زۆر مەزنە. میللەتی کورد خاوەنی خاکە، خاوەنی زمانە، خاوەنی بزووتنەوەی سیاسییە، خاوەن کولتوورە و خاوەن زەوییە، زەویی خۆی کە کوردستانە."
"ئەحمەد شەرع هەمان کاری سەدامی کرد کە بەرامبەر کوردی باشوور کردی"
عومران مەنسوور دەڵێت: "ئەحمەد شەرع لە مەرسوومەکەیدا بە روونی بە کوردی گوت: من خاوەنی ئێوەم و بزووتنەوەی سیاسیی نییە، ئەوەی من دەیڵێم ئەوە بۆ ئێوەیە، سەدامیش هەمان کاری بەرامبەر کوردی عێراق کرد، بەشار ئەسەدیش دەیویست بیکات، بەڵام بۆی نەچووە سەر."
"مەرسوومەکەی بۆ وڵاتانی دەرەوە دەرکردووە"
بە بڕوای ئەو یاساناسە کوردە، "ئەحمەد شەرع، ئەم مەرسوومەی بۆ دەرەوە دەرکردووە نەک بۆ کورد و سووریاییەکان، دەیەوێ سبەی کە چووە ئەڵمانیا بڵێ مافی کوردم داوە، ئەم کارەی بۆ دەرەوەیە نەک بۆ میللەتی کورد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ