مەزڵووم عەبدى: خەڵکى سوەیدا داواى رێڕەوى ئارامیان لێکردووین

رووداو دیجیتاڵ

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند؛ بانگەوازیان لە خەڵکى شارى سوەیدا پێگەیشتووە بۆ ئەوەى رێڕەوێکى ئارام بۆ خەڵکى سڤیل دابین بکەن و دەڵێت: "دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن رابگیرێت".
 
چوارشەممە 16ـی تەمووزى 2025، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕى ئێکس نووسی، "بانگەوازمان لە کەسوکارمانەوە لە سوەیدا پێدەگات بۆ دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ خەڵکی سڤیل و راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەریان".
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "کوشتنی ژن و منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر سیمبولە ئایینییەکان، تاوانە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و بەهاى سوورییاییەکان، پێویستە ئەم کارە دوژمنکارییانە دەستبەجێ رابگیرێن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانیان بکرێت و پرسی دروزەکان پرسێکی نیشتمانییە، چارەسەریشی دەبێت دەستووری و لە رێگەی گفتوگۆوە بێت".
 
لە  13ـی تەمووزەوە پێکدادان لە نێوان هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا و چەکدارانى دروز لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.   
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت، "دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن رابگیرێت، چونکە سووریا بە گفتوگۆ و ژیریی هەڵدەستێتەوە نەک بە  تۆڵەسەندنەوە".