رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دوو کچی کورد بە ناوەکانی فاتیمە ساڵح و نورمان جەلال لەسەر رێگای نێوان کۆبانێ و حەلەب رفێندراون.
زاوای خێزانی یەکێک لەو کچانە دەڵێت، ئەو کەسانەی رفاندوویانن لە بەرامبەر ئازادکردنی کچەکەیان داوای پارەیان لە خێزانەکە کردووە.
مستەفا عادل، زاوای خێزانی نورمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات وردەکاریی رووداوەکەی باسکرد و ئاماژەی بەوەدا، رۆژی شەممە، نورمان و هاوڕێکەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە کۆبانێوە بەرەو حەلەب رۆیشتوون بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی.
بە گوتەی مستەفا عادل، نورمان و فاتیمە پێش ئەوەی بگەنە حەلەب، لە بازگەیەکی حکومەتی شام رفێندراون.
"داوای پارە دەکەن"
مستەفا عادل رایگەیاند، ئەو کەسانەی نورمانیان رفاندووە، قسەیان لەگەڵ خێزانەکەی کردووە، ئەوان عەرەبن و گوتوویانە نورمان لەلای ئەوانە و داوای پارە دەکەن.
بە گوتەی ئەو، نورمان لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە و دەنگی زۆر خراپ بووە و باری تەندروستیی باش نەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، سەبارەت بە رفاندنی نورمان، سکاڵایان گەیاندووەتە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ناتوانین بچینە حەلەب و سکاڵا لای حکومەتی سووریا تۆمار بکەین، چونکە هەر کەسێک لە کۆبانێوە بچێتە حەلەب، دەستگیر دەکرێت."
پاسپۆرتی ئەڵمانی هەیە
مستەفا عادل ئاشکرای کرد کە نورمان پاسپۆرتی ئەڵمانی هەیە، ماوەی 4 مانگ بوو لە رۆژئاوای کوردستان دەژیا و ئەمە یەکەم جاری بوو بچێتە حەلەب.
گوتیشی، خێزانی نورمان حکومەتی ئەڵمانیایان لە رفاندنی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ