رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیکەی 58 هەزار کەس هێشتا لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب ئاوارەن، هەرچەندە نزیکەی 90 هەزار کەسی دیکە گەڕاونەتەوە دوای شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو ئامارانەی لە رێکخراوە مرۆییەکانی نێو سووریای وەرگرتووە.
لە 6ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب شەڕ لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەردا دروستبوو، دوای ئەوەی گفتوگۆکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بۆ یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەنێو دامەزراوە ناوەندییەکاندا پەکیان کەوت.
شەڕەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی تاوەکو 150 هەزار کەس، کە زۆربەیان بۆ عەفرین، کەمپ و پەناگە کاتییەکانی حەلەب، یان ناوچەکانی دیکە هەڵاتن. بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سووریا، لە شەڕەکەدا 23 کەس کوژران.
ئەمڕۆ شەممە، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لە سووریاوە، هاوکارە مرۆییەکانمان پێمان دەڵێن کە تاوەکو دوێنێ، نزیکەی 58 هەزار کەس بە ئاوارەیی ماونەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 90 هەزار کەسی دیکە بۆ ماڵەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە شاری حەلەب."
حەق روونیکردەوە، هەرچەندە شەڕەکە راوەستاوە، بەڵام گەڕانەوە هێشتا سەختە.
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، فەرحان حەق گوتی: "کێشەکە ئەوە بووە کە ئەوان لە شوێنی خۆیان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەوە دەربەدەر بوون و روونە کە گەڕانەوە بۆ ماڵ و نیشتەجێبوون کارێکی سەختە تەنانەت دوای راوەستانی شەڕەکەش."
حەق گوتیشی: "ئێمە یارمەتیی خەڵک دەدەین بەو رادەیەی کە دەتوانین پێیان بگەین، بەڵام بە روونی هەندێکیان تەنیا دەتوانن بگەڕێنەوە کاتێک ئاسایش و سەلامەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە شەڕەکەی تێدا روویداوە دەگەڕێتەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە دابینکردنی خۆراک، پشتیوانیی دەروونی و هاوکاریی دیکە بۆ خێزانە ئاوارە و گەڕاوەکان.
سندووقی مرۆیی سووریا و سندووقی سنووربڕی سووریا 2.5 ملیۆن دۆلاریان لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییە خۆجێییەکانەوە تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی هاوکاریی خێرا بۆ ئەو کەسانەی لە حەلەب، عەفرین و ئیدلب ئاوارە بوون.
گەیشتن بە هاوکاریی مرۆیی لە هەندێک ناوچەدا هێشتا زەحمەتە بەهۆی بەردەوامیی پاککردنەوەی تەقەمەنیی نەتەقیو و پاشماوەکانی دیکەی شەڕ.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی فەرحان حەق
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: سەبارەت بە سووریا، هاوکارانی مرۆییمان پێمان دەڵێن کە تا دوێنێ نزیکەی 58 هەزار کەس هێشتا ئاوارەن، لە کاتێکدا نزیکەی 90 هەزار کەسی دیکە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی ناو شاری حەلەب گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان. ئێمە و هاوبەشە مرۆییەکانمان بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خۆراک، پشتیوانی دەروونی-کۆمەڵایەتی و هاوکارییەکانی دیکە بۆ خێزانە ئاوارەکان و ئەوانەی دەگەڕێنەوە. سندوقی مرۆیی سووریا و سندوقی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی سەر سنووری سووریا، بڕی 2.5 ملیۆن دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان تاوەکو هاوکاری خێرا و گرنگ بگەیەننە ئەو کەسانەی لە حەلەب، عەفرین و ئیدلب ئاوارە بوون.
رووداو: سوپاس. فەرحان، بەدواداچوونێک سەبارەت بە سووریا؛ گوتت 58 هەزار کەس هێشتا ئاوارەن. ئایا تیمەکانتان پێتان دەڵێن بۆچی هێشتا ئاوارەن؟ ئایا هیچ ئاستەنگ و ڕێگرییەک هەیە؟
فەرحان: کێشەکە ئەوە بووە کە ئەوان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەوە لە شوێنەکانی خۆیان دەربەدەر و ئاوارە بوون، بێگومان گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵ کارێکی قورسە تەنانەت دوای وەستانی شەڕیش. ئێمە تا ئەو شوێنەی دەستمان بە خەڵکەکە بگات هاوکارییان پێشکەش دەکەین، بەڵام ئاشکرایە کە هەندێکیان تەنها کاتێک دەتوانن بگەڕێنەوە کە ئارامی و سەلامەتی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە کە شەڕیان تێدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ