ئەحمەد شەرع: پاراستنی ئاسایشی سوەیدامان بە گرووپە خۆجێییەکان سپارد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری سووریا دەڵێت، بۆ رێگری لە شەڕێکی گەورە، ئاسایشی سوەیدایان بە هێزە خۆجێییەکان سپارد. گوتیشی، "گەلی سووریا لە نێو جەرگەی شەڕێکی نیشتمانیدایە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و خۆڕاگریی نیشتمان لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ تێکدانی سەقامگیری".
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو، بەردەوام هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی ئاژاوە لەنێو خەڵکی سووریادا دەدات و رایگەیاند، "ئیسرائیل جارێکی دیکە هەوڵدەدات خاکی سووریا بکاتە گۆڕەپانێکی بێ کۆتایی لە پشێوی، دەیەوێت یەکڕیزیی گەلەکەمان لێکبترازێنێت و تواناکانمان بۆ پێشکەوتن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و هەستانەوە لاواز بکات."
 
ئەحمەد شەرع گوتی، "باش دەزانین کێ هەوڵدەدات رامانکێشێتە ناو شەڕ و کێ دەیەوێت دابەشمان بکات. هەرگیز ئەو دەرفەتەیان پێنادەین گەلەکەمان بخەنە ناو شەڕێکەوە کە ئامانج لێی تەنیا پارچەپارچەکردنی نیشتمانەکەمان و پەرشکردنی هەوڵەکانمانە بەرەو ئاژاوە و وێرانکاری."
 
چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادان لە سوەیدای سووریا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 کەس کوژراون. ئیسرائیلی هاوپەیمانی دروزەکان دوێنێ باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و ئەرکانی سوپای سووریای بۆردوومان کرد.
 
شەرع باسی لە رووداوەکانی سوەیدا کرد، رایگەیاند، سووریا بە هەموو دامەزراوەکانییەوە هەوڵی دا کۆتایی بە شەڕی نێوخۆیی نێوان گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا و دەوروبەری بهێنێت، بەڵام "گرووپی دەرچوو لە یاسا" دەرکەوتن کە "بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان خستە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمانەوە و تاوانیان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامدا."
 
بە گوتەی شەرع، دوای ئەوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ هێزیان لە سوەیدا بڵاوکردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، "ئیسرائیل دەستیکرد بە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکان بۆ تێکدانی ئەو هەوڵانە، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد."
 
"بۆ رێگری لە شەڕێکی گەورە، ئاسایشمان بەخۆیان سپارد"
 
ئەحمەد شەرع بڕیاری کۆتایی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە لەوانە نین لە شەڕ بترسین، بەڵام بەرژەوەندیی سوورییەکانمان خستە سەرووی ئاژاوە و وێرانکارییەوە. بۆیە بڕیارماندا بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایش لە سوەیدا بسپێرینە هەندێک لە گرووپە خۆجێییەکان و شێخەکان (سەرکردەکانی دروز)، ئەم بڕیارە لە تێگەیشتنی قووڵمانەوە بوو بۆ مەترسیی دۆخەکە لەسەر یەکپارچەیی نیشتمانمان."
 
شەرع پەیامێکی بۆ دروزەکانیش نارد و گوتی، "ئێوە بەشێکی رەسەنی ئەم نیشتمانەن و سووریا هەرگیز نابێتە شوێنی دابەشکاری و ئاژاوەگێڕی. پاراستنی ماف و ئازادییەکانتان لە پێشینەی کارەکانمانە و رێگە نادەین هیچ لایەنێک ئەم وێنە جوانەی فرەڕەنگیی سووریا بشێوێنێت."
 
سەرۆککۆماری سووریا بەڵێنی دا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت "دەستدرێژییان کردووەتە سەر برا درووزەکانمان" و رایگەیاند: "ئەوان لەژێر پارێزگاری و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتدان و یاسا و دادپەروەری مافی هەمووان دەپارێزێت."