ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: کاتی هاتووە شەرع لەبری شەڕی کورد بە شوێنپێی ئەواندا بڕوات

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، خەڵکی کورد ماوەیەکی درێژە لەپێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا شەڕیان کردووە و هاوبەشی بەردەوامی ئەمریکا بوون.
 
ئەمڕۆ شەممە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کاتیەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە شوێنپێی ئەواندا بڕوات و کار بۆ داهاتووی وڵاتەکەی بکات، لەبری ئەوەی شەڕی خەڵکی کورد بکات."
 
ئەم راگەیێندراوەی لێژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپەکانی، لە شەڕێکی سەختدان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات.
 
شەڕەکە لە سنووری شارۆچکەکانی مەنسوورە و مەسکەنەیە. سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی هەردوو شارۆچکەکەی راگەیاند، بەڵام هەسەدە دەڵێت، "لە مەنسوورە ماون و نەگیراوە."