رووداو دیجیتاڵ
وەزیری راگەیاندنی سووریا رایگەیاند، بوونی دەوڵەت لە سوەیدا چارەسەرە، نەک کێشە. گوتیشی "رێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت."
ئەمڕۆ شەممە، حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق رایگەیاند، رێککەوتنی سوەیدا دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی دەڕەخسێنێت.
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی حەمزە مستەفا لەکاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا و دەوروبەری لەنێوان هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوی) و دروزەکان بەردەوامە.
سوەیدا، دەکەوێتە باشووری سووریا، لە 13ـی ئەم مانگەوە پێکدادانی خوێناویی لەنێوان زۆرینەی درووز و هۆزە عەرەبەکاندا سەریهەڵداوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1000 کەس کوژراون، ئەمەش وایکرد سوپا و پۆلیس بڵاوەیان پێبکرێت.
لە 15ـی تەممووز، هێزە ئەمنییەکانی سووریا بە ئامانجی سەقامگیرکردنی دۆخەکە چوونە ناو شاری سوەیدا، بەڵام ئیسرائیل، دوای ماوەیەکی کەم، دەستی کرد بە لێدانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سووریا کە بەرەو پارێزگاکە دەچوون، رۆژی دواتر چەندین پێگەی ستراتیژیی لە پایتەختی سووریا بۆردوومان کرد.
دەسەڵاتدارانی سووریا هەموو هێزە سەربازییەکانیان لە شاری سوەیدا کشاندەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنی ئاگربەستەی پێی گەیشتبوون، سەرەڕای بەردەوامیی پێکدادانەکان لەنێوان بەدەوییەکان و گرووپە درووزەکاندا.
لەگەڵ دەستپێکردنی جووڵەی هۆزەکان بەرەو سوەیدا، دوێنێ هەینی، سوپا بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ دروزەکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش گەڕایەوە شارەکە.
وەزیری راگەیاندنی سووریا روونیکردەوە کە رێککەوتنی سوەیدا بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکایەتیی سووریا ئەمڕۆ شەممە، ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی راگەیاند، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، رایگەیاند، ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون.
سەرۆکایەتیی سووریا لە بەیاننامەکەیدا هۆشداری دا لە هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەستەکە و جەختی کردەوە کە بە پێشێلکردنی سەروەری دادەنرێت.
وەزیری راگەیاندنی سووریا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی رووحیی دروزەکان، ئاماژەی وای تێدابوو کە هانی کۆچپێکردن دەدات."
حەمزە مستەفا گوتی: "شێخ حیکمەت هەجەری (رێبەری دروزەکان) گوتارێکی داوای دەستێوەردانی بیانی دەکات."
مستەفا جەختی کردەوە کە "دەوڵەتی سووریا بەرپرسە لە پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی"، و ئاماژەی بەوەشکرد کە "هێزە ئەمنییەکانی حکومەت رووبەڕووی بۆسە بوونەتەوە کە پێویستی بە دەستێوەردانێکی گەورەتر کردووە".
وەزیرە سوورییەکە دانی بەوەدانا کە "دەوڵەت نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی خۆی نەکردووە سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی لەم دواییەدا روویانداوە"، کە وا دیارە ئاماژە بووە بۆ رووداوەکانی تووندوتیژی لە کەناراوەکانی سووریا دژی کەمینەی عەلەوی.
روونیکردەوە کە "گرووپێک لەناو سوەیدا لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەوڵەت خۆی بنچینەی کێشەکەیە"، و گوتیشی: "بوونی دەوڵەت لە سوەیدا چارەسەرە، نەک کێشە."
پشێوییەکەی سوەیدا نوێ نییە
وەزیری راگەیاندنی سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە یەکپارچەیی و ئازادکردنی سووریا داواکاریی هەموو سوورییەکانە. سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەست و دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای سوەیداش گوتی: "ئەو هەنگاوانەی دەوڵەت لە سوەیدا گرتوویەتەبەر، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و سنوردارکردنی فراوانبوونی ناکۆکییەکانە. دەوڵەت وەڵامی بانگەوازی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانی دایەوە بۆ خۆلادان لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی یان جەنگێکی کراوە کە رێڕەوی گەشەپێدانی سووریا پەکبخات، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ڕێگەیەکی پێچەوانەیان گرتەبەر کە بریتی بوو لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە و کۆچپێکردنی سیستماتیک."
وەزیری ڕاگەیاندنی سوریا گوتیشی: "دەوڵەت بەرپرسە لە پاراستنی هەموو هاوڵاتیان و، دۆخی پشێویی سوەیدا نوێ نییە و دەوڵەت هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ چارەسەری سیاسی داوە."
رێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا
وەزیری راگەیاندنی سووریا، لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا ئاماژەی بەوەکرد: "قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک هێزی جیاکردنەوەی شەڕکەران لە زۆربەی لادێکانی رۆژئاوا و باکووری پارێزگای سوەیدا لەخۆدەگرێت، سەرباری رێگە سەرەکییەکانی دەرەوەی شارەکان بۆ رێگریکردن لە بەریەککەوتن."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "قۆناخی دووەم کردنەوەی دەروازەی مرۆیی لە نێوان پارێزگاکانی دەرعا و سوەیدا لەخۆدەگرێت بۆ دابینکردنی دەرچوونی هاووڵاتییانی سڤیل، برینداران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لە سوەیدا بچنە دەرەوە."
گوتیشی: "قۆناخی سێیەم دوای چەسپاندنی ئارامی دەستپێدەکات و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ، بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە پێی گەیشتوون، بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و سەپاندنی یاسا مسۆگەر بکات."
نەبوونی دەوڵەت لە ناوچەکە هۆکاری کێشەکە بوو
حەمزە مستەفا گوتی: "ئەمە ئەو رێڕەوەیە کە سوەیدا ئەمڕۆ دوای چەندین مانگ لە گرژی و ماندووبوون پێویستی پێیەتی و، ئەمەش ئەوەیە کە دەوڵەت بە پەرۆشییەوە کاری لەسەر کردووە و دەیکات، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەرکی نیشتمانی و پابەندبوون بە یەکپارچەیی وڵات و گەلەکەیەوە."
جەختی لەوەشکردەوە کە: "دەوڵەتی سووریا جەخت لە بەرپرسیارێتی خۆی دەکاتەوە بۆ پاراستنی هەموو هاوڵاتیانی و داوا لە هەمووان دەکات دەنگی عەقڵ بەرز بکەنەوە و گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر بگرنەبەر."
بە گوتەی وەزیری راگەیاندنی سووریا، یەکپارچەیی و ئازادکردنی سووریا داواکاریی هەموو سووریاییەکانە. "نەبوونی دەوڵەت سەلماندی کە کێشەکەیە و بوونی چارەسەرە. دەوڵەت هەر لە سەرەتای ئازادکردنەوە، هەموو پێداویستییەکانی بۆ ژیانێکی ئاسایی لە سوەیدا دابین کردووە."
لە کۆتاییدا گوتی: "گرووپە چەکدارەکانی ناو سوەیدا مکوڕبوون لەسەر پەیڕەوێکی تێکدەرانە و هەر چارەسەرێکیان رەتدەکردەوە، پشتیان بە مۆدێلێکی داخراو دەبەست کە رەچاوی یەکپارچەیی سووریای نەدەکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ