هەسەدە لە کەمپی هۆڵ کشایەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێباکی تۆمەتبار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دۆخی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەچێتە قۆناخێکی نادیارەوە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کشانەوەی هێزەکانی لە کەمپەکە راگەیاند و حکومەتی سووریاش دەڵێت، هەسەدە بەبێ هاوئاهەنگی کشاوەتەوە و ژمارەیەک زیندانیی داعشی ئازاد کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گوتی، بەهۆی "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دۆسیەی داعش"، هێزەکانیان لە کەمپی هۆڵ کشاونەتەوە و لە دەوروبەری شارەکانی باکووری سووریا جێگیر دەبنەوە.

کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کەمپەکە دوای چەندین کاژێر لە پێکدادان هات لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاویکردەوە، دوای رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە، هێزەکانی هەسەدە هەستاون بە "ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانیانی داعش و خێزانەکانیان."

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، "ئەندامانی هەسەدە کە ئەرکی پاسەوانیکردنی کەمپی هۆڵیان لە ئەستۆ بوو، بێ هیچ هاوئاهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی سووریا یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پاشەکشەیان کردووە."

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، ئەم هەنگاوەی هەسەدە "بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتە لە دۆسیەی دژەتیرۆردا؛" هەروەها دەڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هاوئاهەنگیدایە بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی دروست بکات.

کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و بە "بۆمبی چێندراو" ناودەبرێت و دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشی تێدایە.