وەزارەتی دەرەوەی سووریا: میلیشیا دروزەکان رێگریی دەکەن لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی سوەیدا و دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "میلیشیا دروزەکان رێگریی دەکەن لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە سوەیدا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تەمموزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکی نووسراودا رایگەیاند، لە کاژێرەکانی سەرەتای رۆژی چوارشەممەوە و لەگەڵ زیادبوونی گرژی و کردەوە تووندوتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا و ئەو رووداوە کارەساتبارانەی کە بەدوایدا هاتن لە ئەنجامی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی فریاکەوتن و کارەساتەکان، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، پارێزگاکانی دەرعا و سوەیدا، دەستیان کرد بە ئامادەکاریی بۆ گەیاندنی کاروانێکی مرۆیی، هەر کاتێک بارودۆخی ئەمنی گونجاو هاتە ئاراوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت: سەرەڕای هەوڵە دووبارەکان لە رۆژی چوارشەممەوە، رێگری لە کاروانەکە کرا کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە رێکخرابوو بۆ چوونەژوورەوە بۆ پارێزگای سوەیدا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، "ئەمڕۆش میلیشیا چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان کە سەر بە حیکمەت هەجەرین [رێبەری زۆربەی دروزەکانی سوەیدا]، جارێکی دیکە رێگرییان لە چوونەژوورەوەی کاروانەکە کرد، کە سێ وەزیر و پارێزگارێکی حکومەتی سوریای تێدابوو."
گرووپە چەکدارە دروزەکان، تەنیا رێگەیان بە ژمارەیەکی سنوورداری ئۆتۆمبێلی رێکخراوی مانگی سووری عەرەبی سووری داوە تێپەڕن.
کاروانەکە پێداویستی پزیشکی و هاوکاری مرۆیی سەرەکی پێبووە بە پشتیوانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی سووریا.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی 20 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی خێرادا ناردبوو، "بەڵام رێگری لە چوونەژوورەوەی ئەوانیش کرا."
لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە، زیاتر لە 940 کەس لە پارێزگای سوەیدای سووریا کوژراون، ئەوەش بەهۆی پێکدادان لەنێوان دروزەکان و بەدەوییە سوننەکان، کە حکومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیل و هۆزە چەکدارەکانی دیکەی سووریایان بۆ ناو رووداوەکان راکێشاوە.
هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد لە ناوچەی سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی ئاگربەستی نێودەوڵەتیدا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجامدراوە بۆ رێگرتن لە دەستوەردانی سەربازیی زیاتری ئیسرائیل.
ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریای لە هەردوو شاری سوەیدا و دیمەشقی پایتەخت بۆردوومان کرد، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات پاشەکشە بکەن.
ئەمەش دوای ئەوەی ئەو هێزانە تۆمەتبار کران بە کوشتنی بەکۆمەڵ و پێشێلکاریی دیکە دژی هاووڵاتییانی سڤیلی دروز، دوای ئەوەی لە پارێزگاکە جێگیر بوون.
ئیسرائیل لە سەرەتای رووداوەکانەوە رایگەیاند، بەرگری لە دروزەکان دەکات و رێگە نادات سوپای سووریا لە سوەیدای هاوسنووری جێگیر بکرێن.
بەڵام دوێنێ شەممە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش لە دروز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا دەکات چەک دابنێن و "ناسنامەیەکی نوێی سووری" بنیات بنێن.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رێککەوتنەکەی بە "پێشهاتێکی گەورە" ناوبرد.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی [کاتیی] سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کە لە ئێکس کردوونی. دەڵێت: "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن."