رووداو دیجیتاڵ
گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر کۆبانی بەردەوامە. هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارەکە دەڵێت، ئینتەرنێت بڕاوە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەی سڕینیش بەهۆی شەڕەوە روویان لە شارەکە کردووە، بەڵام هیچ شوێنێک بۆ حەوانەوەیان نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026، گاندی کۆبانی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانیی رۆئاوای کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، هەندێک زانیاری سەبارەت بە دۆخی شارەکە خستەڕوو کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە.
گاندی کۆبانی رایگەیاند، دۆخی شارەکە زۆر خراپە و ئێستا کێشەی ئینتەرنێتیش دروست بووە، ''لە کاتی نەبوونی کارەبا، ئاو و نان خەڵک هەر خۆڕاگر بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک کە ئینتەرنێتیشیان لەسەر بڕیوین.''
ئەو هانیشتمانییەی خەڵکی کۆبانی بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە، هۆشداری لە کۆمەڵکوژی دەدات و دەڵێت، ''ئێمە خوازیارین دەنگمان بە جیهان بگەیێنن کە لە گەمارۆدا کۆمەڵکوژییەکی دیکە دروست دەبێ.''
بەگوتەی گاندی کۆبانی، بۆ ئەوەی بتوانێت قسە لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بکات، لە رێگەی سیمکارتێکی تورکیاوە ئینتەرنێتی کارا کردووە و چووەتە نزیک سنووری ئەو وڵاتە، ''لە هەر چوار دەورەوە گەمارۆ دراوین. نان، ئاو، کارەبا، شیری منداڵ هیچ شتێک دەستناکەوێت''.
وەک ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ئەمڕۆش بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، ئاوارەبوونی خەڵکی گوندەکان و چوونیان بەرەو کۆبانی بەردەوام بووە، ''بە سەدان خێزان لە بەخبەتان، ساقێ، شێخلەر و سڕینەوە هاتوونەتە کۆبانی و ئێستا لەو سەرماوسۆڵەدا لە چۆڵەوارەکان دەمێننەوە.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و سەرەڕای گەمارۆکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی بڕاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ