رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، شارەکە لە چوار لاوە گەمارۆدراوە و مەترسیی "کۆمەڵکوژییەکی گەورە" لە ئارادایە. دەشڵێت، چەکدارەکان دەیانەوێت تۆڵەی داعش لە کۆبانێ بکەنەوە و حکومەتی سووریاش ئینتەرنێتی بڕیوە تاوەکو دەنگیان نەگاتە دەرەوە.
ئازاد بەرخبۆتان، هاونیشتمانیی دانیشتووی کۆبانێ کە لە رێگەی هێڵی مۆبایلی تورکیاوە (بەهۆی نزیکی لە سنوور) پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد، دۆخی شارەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کرد.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "رەوشی ئێمە باش نییە، زۆربەی گوندنشینان هەر لە قەرەقۆزەوە تاوەکو عەین عیسا ئاوارە بوون. ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت نییە. خەڵک تەنیا لەسەر کوردبوون سەردەبڕدرێت و لەبەردەم کۆمەڵکوژییەکی گەورەداین."
"لە چوار لاوە گەمارۆ دراوین"
سەبارەت بە رێگەکانی هاتووچۆ، ئازاد بەرخبۆتان راگەیاند، چوون و هاتن بۆ کۆبانێ بە تەواوی پچڕاوە و تەنانەت لە گوندەوارەکانیش بەهۆی تۆپبارانەوە خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان.
ئەو گوتی: "ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشت کە لە رۆژئاوای کۆبانێشەوە پێشڕەویان کردووە، ئێستا لە چوار لاوە گەمارۆدراوین و چاوەڕێین کەسێک خۆمان لێ بە خاوەن بکات."
داواکاری لە ئیلۆن مەسک
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد کە حکومەتی سووریا ئینتەرنێتی بڕیوە و ئەمەش مەترسییەکەی زیاتر کردووە.
ئازاد گوتی: "ئەم بڕینی ئینتەرنێتە بۆ ئەوەیە دەنگی خەڵکی کۆبانێ نەگاتە دەرەوە و کەس ئاگای لەو کۆمەڵکوژییە نەبێت. بۆیە داوا لە ئیلۆن مەسک دەکەین ئینتەرنێتمان بۆ دابین بکات، چونکە ئێمە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆرمان کرد."
"دەیانەوێت تۆڵەی داعش بکەنەوە"
بە گوتەی ئازاد بەرخبۆتان، ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر گوندەکان ناسنامەیان دیار نییە و "حکومەتیش نازانێت کێن"، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەوانە دیارن کە داعشن و دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە کۆبانێ و میللەتی کورد بکەنەوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، چەکدارەکان چوونەتە نێو گوندێکی وەک "گەرەک" و زۆربەی گوندەکانی دیکە.
قەیرانی مرۆیی
سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان، ئازاد بەرخبۆتان گوتی: "خەڵک لە کۆڵانەکانن، خەڵک جێگەی کردوونەتەوە، بەڵام دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت. جگە لە خەڵکی کۆبانێ، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی عەفرینیش کە پێشتر روویان لەم ناوچەیە کردبوو، ئێستا ئەوانیش لە مەترسیدان."
لە دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کۆبانی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دابڕێندراوە.
ئازاد بەرخبۆتان داوای لە کوردستانیان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بە هانایانەوە بچن و گوتی: "هەر کەسێک شەرەف و نامووسی هەبێت دەبێت بە فریای کۆبانێ بکەوێت. کۆبانێ کە لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆری کرد، پێویستە ئەمڕۆ خۆتان بە خاوەنی بزانن."
كۆبانی، لە دوای قامشلۆ و عەفرین سێیەم گەورە شاری كوردە، زۆربەی دانیشتووانی و گوندەكانی سەر بەم شارە، كوردن.
كۆبانێ بە دووری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە لای چەپی رووباری فورات، لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باكووری كوردستان، لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای حەلەبە و 150 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری حەلەبەوە دوورە، لە دیوی باكووری كوردستان، دەشتی فراوانی پرسووس بە شاری رووحای دەبەستێتەوە و 100 كیلۆمەتر لە رووحاوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ