ئەردۆغان: بە نەمانی کەمپی هۆل یەپەگە ئەو بایەخەی پێشووی نامێنێت

22-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی یەپەگە لە سووریا رایگەیاند، "زۆر زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین؛ بە نەمانی کەمپی هۆل-یش، یەپەگە ئەو بایەخەی پێشووی نامێنێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە هەنگاریا، لەنێو فڕۆکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی یەپەگە، رێککەوتنی لەگەڵ سووریا و کەمپی هۆلی کرد.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، "بابەتێکی دیکە ئەوەیە، ئایا یەپەگە وەڵامی ئەو بانگەوازە دەداتەوە کە لە تورکیا کراوە؟ یان پابەند دەبێت بە رێککەوتنەکەی 8ی ئادار کە لە دیمەشق ئەنجامدرا؟ یان هەردووکیان پێکەوە ئەنجام دەدات؟ پڕۆسەی وازهێنان لە چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، باڵی سووریاش دەگرێتەوە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، پێمانوایە رێککەوتنەکەی 8ی ئادار، زیاتر بە بانگەوازەکەی ئەنقەرە و بانگەوازەکەی ئێران پشتگیری دەکرێت، "ئەوانیش ئێستا لە هەوڵی خۆگونجاندندان. پێمانوایە رۆژانی داهاتوو زۆر چارەنووسسازن. دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لەگەڵ هاوشانەکانیان چاودێریی پرۆسەی تێکەڵبوونی هەموو گرووپە چەکدارەکان بۆناو سوپای سووریا دەکەن."
 
ئەردۆغان بەتایبەت لەبارەی یەپەگەوە قسەی کرد و گوتی، "لەم بابەتەدا زۆر زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین. زۆر گرنگە دەسەڵاتدارانی دیمەشق سەرنجی خۆیان لەم بابەتە لانەدەن، چونکە زۆر بابەت هەن پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکەن. هەوڵ دەدەین هەموو هەوڵەکان لەمبارەیەوە چڕ بکەینەوە."
 
لەبارەی کەمپی هۆل، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەی خستەڕوو، "بۆ پرسی کەمپی هۆل پێویستە عێراقیش سەرنجی چڕ بکاتەوە. بەهۆی ئەوەی زۆربەی ژن و منداڵەکانی کەمپی هۆل هاووڵاتییانی عێراق و سووریان. پێویستە هەردوو لایەن ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێ بگەیێنن. بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەم کەمپە، بایەخ و گرنگیی یەپەگە کاڵتر و کەمتر دەبێتەوە و ئەو بایەخەی پێشووی نامێنێت، بە ئاسانییش خۆیان دەگونجێنن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە