هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی دیمەشق ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بۆردوومان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دروستبوو؛ دیمەشق دەڵێت هەسەدە "غەدری لێکردوون"، هەسەدەش دەڵێت، گرووپەکانی دیمەشق بە چەکی قورس گەڕەکەکانیان بۆردوومان دەکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق، هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گۆڕەپانی "دواری شەیحان" لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی سووریا بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت: "ئەم هێرشە بەردەوامیی روونی پەرەسەندنی گرژییەکانە کە هەڕەشە لە ئاسایشی شارەکە دەکات و دەری دەخات حکومەتی دیمەشق دەستەوەستانە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی خۆی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، دوای رووداوەکە ئەو گرووپە چەکدارانە بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشی تووندیان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هێزەکانیشیان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، غەدریان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن.
 
 
هاوکات ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، هەسەدە بە چەکی قورس دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە و ئەو ناوچەیەی لە گۆڕەپانی شەیحانەوە تاوەکو گۆڕەپانی لێرمۆن درێژ دەبێتەوە کردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە رێگەی غازی عەنتاب - حەلەب داخراوە.
 
لای خۆیەوە بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاندووە، دوو کارمەندیان بە فیشەکی هەسەدە لە نزیک گەڕەکی ئەشرەفییە بریندار بوون.
 
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، رۆژی 18ی ئەم مانگە، کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هەسەدە لەنێو پێکهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا.