گواستنەوەی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن و خێزانەکانیان بەرەو ئیدیلب بەردەوامە

26-03-2018
لۆلۆخان
سەربازانی رووسی، ئەمنییەتی رێگەی گواستنەوەیان دابیندەکەن
سەربازانی رووسی، ئەمنییەتی رێگەی گواستنەوەیان دابیندەکەن
نیشانەکردن ئیدلیب غوتەی رۆژهەڵات سووریا
A+ A-

رووداو - هەولێر

پرۆسەی گواستنەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ناوچەی غووتەی رۆژهەڵاتی دیمەشق بەرەو شاری ئیدلیب لە باشووری رۆژئاوای حەلەب بەردەوامە.

هەزاران کەس لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و خێزانەکانیان رۆژانە لە ناوچەکانی: عەربین، زەمەلکا، کفربەتنا و ناوچەکانی دیکەی غووتەی رۆژهەڵات بە سەرپەرشتی هێزەکانی رووسیا بە پاس بەرەو ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەگوازرێنەوە.

لە نوێترین گرتە ڤیدیۆیی تایبەت بە پرۆسەی گواستنەوەکەدا، دەیان پاس پڕ لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن و خێزانەکانیان لە دەوروبەری شاری دیمەشق چاوەڕێدەکەن، تاوەکو بەرەو ئیدلیب بگوازرێنەوە.

پرۆسەی گواستنەوەکە لە شەو و رۆژ بەردەوامە و بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان رووسیا و سەرانی ئەو گرووپانەیە. رێککەوتنەکە بریتییە لە گواستنەوەی چەکدارەکان بەرەو باکووری سووریا، بە چەکی سووکی دەستیان، لەبەرامبەر وەستاندنی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی رووسیا و سووریا بۆ سەر ناوچەکە.

رێککەوتنەکە بە سەرپەرشتی ئەلیکساندەر زوورین، نێردەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ سووریا ئەنجامدراوە. رێگەی گواستنەوەشیان لە غوتەوە دەستپێدەکات و بەدیمەشق و حمس و حەمما تێپەڕدەبێت، تاوەکو دەگاتە ئیدلیب، پایتەختی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە باشووری رۆژئاوای حەلەب.

چەکدارێکی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ "رووبەڕووی برسیێتی بووینەوە، رووبەڕووی سووکایەتیکردن بووینەوە. هەموو کەسێك بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە. سەبارەت بە چوونەدەرەوەم بەرەو ئیدلیب، هیچ شتێکم لە مێشکمدا دانەناوە، واتە نازانم چی لەوێ هەیە".

سەربازانی رووسی، ئەمنییەتی رێگەی گواستنەوەی گرووپە چەکدارەکان دابیندەکەن. رۆژی 25ـی ئەم مانگە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند "دەیان پاس دەستیانکردووە بە گواستنەوەی دانیشتووانی غووتەی رۆژهەڵات لە رێڕەوی مرۆییەوە بەرەو ناوچەی ئیدلیب لە رۆژئاوای حەلەب".

هاوکات لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، وەکو وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە "لەسەر بنەمای رێککەوتنی رووسەکان لەگەڵ گرووپی چەکداریی ئەحرار شام، توانراوە نزیکەی پێنج هەزار چەکدار و خێزانەکانیان لە حەرەستەی غووتەی رۆژهەڵاتەوە بەرەو ناوچەی ئیدلیب بگوازرێنەوە، ئەوەش لەژێر چاودێریی رووسەکان و پۆلیسی سووریادا ئەنجامدراوە".

لەهەموو ناوچەی غووتەی رۆژهەڵاتدا، تەنیا شاری دووما ماوەتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی سوپای ئیسلامدایە و گفتوگۆکان لەنێوان سەرکردەکانی ئەو سوپایە لەگەڵ رووسەکان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە بەردەوامن.

لە رۆژی 18ـی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بە پشتگیری سوپای سووریا و هێزە هاوتەریبەکانیان هێرشی زەمینی و ئاسمانییان بۆسەر ناوچەی غووتەی رۆژهەڵات ئەنجامدا، کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆندایە و، تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ـی ناوچەکەی خستووەتەوە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریاوە.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە