ئەمریکا بیرە نەوتەکانی داعش بۆردوومان دەکاتەوە

26-09-2014
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو - هەولێر

شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ چوارەم رۆژ بەدوای یەک، بیرە نەوتەکانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشیان لە سووریا بۆردوومانکردن.

روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری رژێمی بەشار ئەسەدە لە سووریا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ چوارەم رۆژ بەدوای یەک بیرە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعش و چەند ئامانجێکی دیکەیان لە پارێزگاکانی دێرولزور و حەسەکە لە سووریا بۆردومانكردوون".

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو دوو دامەزراوەی نەوتیان لە پارێزگای دیرولزور کردوونەتەە ئامانج، بەڵام هێشتا نەزاندراوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چ دامەزراوەیەکیان لە حەسەکە کردووەتە ئامانج". باس لەوەش دەكات، فڕۆکە جەنگییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بارەگای سەرکردەکانی داعشیان لە شارۆچکەی مەیادین کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانەکانی هێرشەكە هێشتا نەزاندراون.

رێکخراوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و فەرەنسا بۆ سەر داعش، کە لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو دەستیان پێکرد، بەلانی کەم تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 140 چەکداری داعش و 13 مەدەنی.

زۆربەی رووبەری پارێزگای دیرولزور کە دەکەوێتە نزیکی سنووری هاوبەشی نێوان سووریا و عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشدایە. تاوەکو پێش ساڵی 2001 سەرچاوەی دابینکردنی زۆرترین نەوتی سووریا بوو. هاوکات سەرچاوە رۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆر لە بیرە نەوتییەکانی سووریا و باکووری عێراقیان لە ژێر دەستە، رۆژانە بە بڕی 2 بۆ 3 ملیۆن دۆلار نەوت بە قاچاغ دەفرۆشن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە