سەرچاوەیەکی قامشلۆ بۆ رووداو: مەزڵووم دەچێتە دیمەشق


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا، دەچێتە دیمەشق.
 
هەرچەندە کاتی سەردانەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و هێزەکان چڕتر بوونەتەوە، بەڵام هاوکات گرژییە ئەمنییەکانی شاری حەلەب مەترسییان لەسەر پرۆسەکە دروستکردووە.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کەی دەچێت، سەرچاوەکەش روونی نەکردەوە لە سەردانەکەدا [ئەگەر بکرێت]کێ یاوەریی مەزڵووم عەبدی دەکات. 
 
رۆژی هەینی بەرپرسێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی گوت، دانوستاندنەکانی نێوان قامشلۆ ودیمەشق قۆناخی تیۆریان تێپەڕاندووە و هەنگاوی کردەییان ناوە. 
 
یاسر سلێمان، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دێرەزوور، وردەکاریی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی ئاشکرا کرد کە لەسەر چەند تەوەرێک دەوەستێت:
 
• دۆسیەی سەربازی: بڕیارە لە سووریادا تەنیا "یەک سوپا" هەبێت کە پێکهاتەکەی جۆراوجۆر بێت. وردەکاریی تێکەڵکردنی هەسەدە و سرووشتی پێکهاتەکان بۆ لیژنەی سەربازیی هاوبەش جێهێڵدراوە، بەڵام بنەماکە ئەوەیە "دوو سوپا لە یەک وڵاتدا نابێت".
 
• دەروازە و سامانە سرووشتییەکان: رێککەوتن هەیە کە نەوت و داهاتەکان لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بۆ "هەموو سووریاییەکان" بێت؛ هەروەها دەروازەکانی سەر سنووری عێراق و تورکیا بە شێوەی "هاوبەش" بەڕێوەدەبرێن، بەجۆرێک لەگەڵ سیستمی دەوڵەت بگونجێت و مافی فەرمانبەرانی ئێستاش پارێزراو بێت.
 
• سیستمی کارگێڕی: لێکنزیکبوونەوە لەسەر پەیڕەوکردنی سیستمی "ناناوەندی" هەیە. بە گوتەی یاسر سلێمان، دەکرێ کار بە یاسای 107 بکرێ دوای هەموارکردنەوەی، بۆ ئەوەی خەڵکی پارێزگەکان خۆیان پارێزگار و بەرپرسانی خۆجێیی هەڵبژێرن.
 
• گەڕانەوەی دامەزراوەکان: بەشێک لە رێککەوتنەکە بریتییە لە کاراکردنەوەی فەرمانگەکانی وەک تاپۆ و تۆماری شارستانی (ناسنامە) لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
گرژییەکان لە حەلەب؛ ئاستەنگی بەردەم رێککەوتنەکە
 
هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆکانی دیمەشق، دۆخی مەیدانی لە حەلەب ئاڵۆزیی تێکەوتووە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن.
 
هەسەدە رایدەگەیێنێت کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ئێوارەی هەینی بە تانک و چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە لەژێر کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆسەردان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بازگەیەکیان بە مووشەکی RPG کراوەتە ئامانج. ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات کە ئەمە "هەنگاوێکی نوێی زیادبوونی گرژییەکانە".
 
لە بەرامبەردا، عەقید محەمەد عەبدولغەنی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەت لە حەلەب، نیشانەشکێنەکانی هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد کە کارمەندێکی پۆلیسیان لە بازگەیەک بریندار بووە. ئەو بەرپرسە شەوی هەینی گوتی: "وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانمان داوەتەوە و بێدەنگمان کردوون."
 
گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان
 
بۆ رەواندنەوەی ترس و بێ متمانەیی کە بەهۆی رووداوەکانی وەک ئەوەی حەلەبەوە دروست دەبن، داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی دەکرێ. 
 
بە گوتەی یاسر سلێمان، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا داوای لە سوپای ئەمریکا کردووە راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا بکات. هاوکات "گەشبینییەک هەیە" بەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی پاڵپشتی لە سەرخستنی ئەم رێککەوتنە دەکەن.
 
ئەم سەردانەی مەزڵووم عەبدی وەک هەوڵێکی دیکەی جیدی دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ئاداری 2025 و کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی سەربازی و ئیداری لە سووریا، ئەگەر گرژییە مەیدانییەکان رێگر نەبن.