فڕۆکەیەکی گەشتی ئیستەنبووڵ - تاران بە ناچاری لە ئەنقەرە نیشتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (AJet) کە گەشتی نێوان ئیستەنبووڵ و تارانی دەکرد، لە ئاسمانی تورکیا باری نائاسایی راگەیاند و بە ناچاری لە ئەنقەرە نیشتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737ی سەر بە کۆمپانیای "ئا جێت،" بە ژمارەی گەشتی (VF183) کە لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو تاران بەڕێکەوتبوو، ئاراستەکەی گۆڕی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەکە لە ئاسمانی پارێزگای کرشەهیر لەڕێگەی سیستمی تڕانسپۆندەرەوە کۆدی (7700)ی لێداوە، کە کۆدێکی تایبەتە بە راگەیاندنی باری لەناکاو و نائاسایی.
 
دوای راگەیاندنی حاڵەتەکە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرە نیشتەوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری راگەیاندنی باری نائاسایی و داوای نیشتنەوەی بەپەلە لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە ئاشکرا نەکراوە.