شەڕی دوو شۆفێر لە تورکیا؛ خەڵک وایزانی فیلمە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوان دوو شۆفێر لە شەقامێکی پارێزگای بورسەی تورکیا، بووەتە جێی مشتومڕ و سەرەتا بەشێک لە خەڵکی وایانزانی سیناریۆی فیلمە.
لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو شۆفێر لە شەقامێکی بورسە، شەڕ دروستبوو و دیمەنی هێرشکردنی دوو کەسەکە بۆ سەر یەکدی، هیچی کەمتر نەبوو لە دیمەنی فیلمی ئاکشن.
کارمەندێکی گەیاندن کە بە ماتۆڕسکیل دەڕوا، تۆماری ساتی شەڕەکەی کردووە.
دوو شۆفێرەکە دوای ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزین، بازی یەک بوون و بە شێوەی رووبەڕوو و بە یەک ریتم هەڵقۆزینەوە و شەقیان لە یەکدی وەشاند.
هەردووکیان کەوتنە سەر زەوی و دواتریش بەردەوام بوون لە لێکدان.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بورسە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەڕێی ئاشکراکردنی ناسنامەیانەوە ئەو دوو کەسەیان خستە بەر لێپرسینەوە.
گرتە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و زۆربەی بەکارهێنەران ساتی فڕین و لێکدانەکەیان وەکو وێنە داناوەتەوە و دەڵێن، ئەمە تەنیا لە فیلمەکان دەبینرێت.