رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پێویستە پرسی کورد لە بازنەی "تیرۆر" دەربهێندرێ. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردیش کە دەسەڵات بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات دەڵێت: "لە روانگەی ئێمەوە ئەوەی پێویستە هەبێت ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە؛ بەلای ئێمەوە ناوی ئەم پرۆسەیە ئەمەیە".
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە گوتەیەکدا لە چاناکالەی تورکیا گوتی: "پێویستە هەموو لایەک واز لەوە بهێنێ کە پرسی کورد بخاتە نێو بازنەی تیرۆرەوە".
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی چوونە نێو پرۆسەیەکی لەم شێوەیەی تورکیا، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانن و گوتی: "لە نێو پرۆسەیەکی وەهادا، زۆر گرنگە تورکیا ئاشتیی نێوخۆیی خۆی بچەسپێنێت. هەمووان ئاگاداری ئەمەین. ئێستا ستراتیژیەتێکی نوێ تاقی دەکرێتەوە. ئەم ستراتیژییەتە چییە؟ ئەوان بەناوی خۆیانەوە چی دەڵێن با بیڵێن، لە روانگەی ئێمەوە ئەوەی پێویستە هەبێت ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە. بەلای ئێمەوە ناوی ئەم پرۆسەیە ئەمەیە و دەبێت بەم شێوەیەش بێت".
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "پێویستە هەموو لایەک واز لەوە بهێنێ کە پرسی کورد بخاتە نێو بازنەی تیرۆر. پرسی کورد پرسێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، پرسی گەلانە و پێویستە لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلان بکرێ. بێگومان لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، ئێمە وەک دەم پارتی لە چوارچێوەی تورکیادا بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کارمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە کارکردن".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، سەردانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی بە هەنگاوێکی مێژوویی، بەنرخ و گرنگ دەزانن.
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە لەگەڵ دەوڵەت بەڕێوەدەچێت: "لەبەرئەوەی ئاکپارتی و مەهەپە دەسەڵاتی جێبەجێکارن، گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان هەیە. ئەوانەی هەوڵدەدەن لەمەوە هاوپەیمانیی هەڵبژاردن دروست بکەن و بەو جۆرە هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنن. پرسی ئێمە زۆر لەسەرووی هەڵبژاردنەوەیە. ئەمە پرسی هەڵبژاردن نییە. ئەوانەی هەوڵدەدەن پرسی کورد وەکو پرسی هەڵبژاردن و دەنگدەری کوردیش وەکو دەنگدەری خۆیان ببینن، هەڵە دەکەن. ئەمە بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێم. ئەم پرۆسەیە زۆر لەسەرووی هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی پارتی سیاسییەوەیە. ئێمە ئەم پرۆسەیە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و چەسپاندنی ئاشتییەکی شکۆمەندانە لەم خاکەدا بەڕێوەدەبەین، کە سەد ساڵە حەسرەتی دەکێشین".
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ رێکاری یاسایی پرۆسەکە دەستبەکاربووە، لە 21 ـی تشرینی دووەمدا بڕیاری دا بۆ بینینی ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی بکات.
رۆژی 24 ـی تشرینی دووەمی 2025، شاندێكی سێ کەسی کۆمیسیۆنەکە کە پێکهاتبوون لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیرا".
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆمیسیۆنەکە 19یەمین کۆبوونەوەی خۆی کاژێر 14:00ی رۆژی پێنجشەممە چواری کانوونی یەکەمی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا تێڕوانینەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و راپۆرتی دیداری شاندی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی دەخوێندرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ