کەی نەورۆز لە تورکیا دەبێتە پشووی فەرمی؟ ئاکپارتی و دەم پارتی لەسەر ئەم پرسە کۆکن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
فەردی ساک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رایدەگەیەنێت کە دەستیان بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کردووە بۆ ئەوەی رۆژی 21ـی ئادار "نەورۆز" بکرێتە پشووی فەرمی لە تورکیا، لە بەرامبەریشدا بریکاری فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، ئەوان پێشنیازیان داوەتە پەرلەمان و چاوەڕوانی پەسندکردنین.
 
کورشاد زۆرلو، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی" لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، بابەتی فەرمیکردنی جەژنی نەورۆز جارێکی دیکە هاتووەتەوە ناو کارنامەی سیاسیی تورکیا. زۆرلو گوتی: "رەوشێکی وا هەیە کە نەورۆز ببێتە جەژنێکی فەرمی و ئێمە ئێستا خەریکی کارکردنین لەسەر ئەم پرسە. نیازمان هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا و دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەم بڕیارە بدەین و ئیرادەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی بەم زووانە ئەنجامێکی بەرچاو بەدەست بهێنین."
 
دەم پارتی: هەڵوێستەکە ئەرێنییە
 
لەلایەکی دیکەوە، سەزایی تەمەلی، بریکاری فراکسیۆنی دەم پارتی، رۆژی پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند: "پێشنیازی ئێمە بۆ ئەوەی نەورۆز ببێتە پشووی فەرمی هێشتا لە پەرلەمانە و نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە. هیوادارم جەژنی نەورۆزی کوردان کە نیشانەی تێکۆشان و بەرخودانە، ببێتە جەژنێکی فەرمی."
 
تەمەلی هەروەها دەربارەی هەڵوێستەکەی ئاکپارتی گوتی: "ئەمە هەڵوێستێکی ئەرێنییە. ئاکپارتی و پارتەکانی دیکەش دەتوانن پشتگیری لە پێشنیازەکەی ئێمە بکەن. ئەگەر پشووی فەرمیی نەورۆز ببێتە یاسا، کارێکی زۆر باش دەبێت."
 
پێشنیازێکی هاوبەش لە پەرلەمان
 
پێشتر پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پرۆژەیاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بۆ ئەوەی رۆژی 21ـی ئادار بکرێتە پشووی فەرمی. سەزایی تەمەلی و گوڵستان کڵچ کۆچییت، بریکارانی فراکسیۆنی دەم پارتی، لەگەڵ سەزگین تانریکولو، پەرلەمانتاری ئامەدی جەهەپە، داوایان کردبوو نەورۆز لە ئاستی دەوڵەتدا بە فەرمی بناسرێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن بە ئازادی پیرۆزی بکەن.
 
ئەگەر ئەو هەوڵانە بگەنە ئەنجام و لە پەرلەمان ببنە یاسا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیا و باکووری کوردستاندا، رۆژی نەورۆز لە رۆژمێری فەرمیدا وەک پشووی فەرمی تۆمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە