ئاسایشی ئیستەنبووڵ: 372 خۆپێشاندەری دەستگیرکراوی 1ی ئایار ئازاد کران

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەڵێت، 372 خۆپێشاندەر لە کۆی 407 خۆپێشاندەر کە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی جیهانیی کرێکاراندا دەستگیر کرابوون، ئازاد کران.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژی 1ی ئایار بڵاوکردەوە و گوتی، تەنیا لە ئیستەنبووڵ 407 خۆپێشاندەر دەستگیر کرابوون.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 372 خۆپێشاندەر کە بەپێی یاسای ژمارە 2911ی رێکخستنی خۆپێشاندان و رێپێوان دەستگیر کرابوون، دوای 24 کاژێر لە راگیرانیان و وەرگرتنی بەڵێننامە لێیان، ئەمڕۆ ئازاد کران.
 
هەروەها 8 خۆپێشاندەری دەستگیرکراو رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراون، 36 دەستگیرکراوەکەی دیکەش بۆ سزادانیان رەوانەی دادگە کراون.
 
1ی ئایاری 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە بەشداریی 286 هەزار و 584 کەس، 212 چالاکیی جیاوازی مۆڵەتپێدراو لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ بەرز راگرتنی رۆژی جیهانیی کرێکاران بەڕێوەچوون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، لە ئیستەنبووڵ ژمارەیەک لایەنی سیاسی، سەندیکا و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، گردبوونەتەوە و خۆپێشاندانی نایاساییان ئەنجامداوە؛ بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای ژمارە 2911ی رێکخستنی خۆپێشاندان و رێپێوانەکانیش 407 کەس دەستگیر کراون.