ئەردۆغان سوێندی یاسایی دەخوات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیێنێت. 
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2023، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیای ئاشکرا کرد و ئەنجامەکەی لە رۆژنامەی فەرمییدا بڵاوکردەوە.
 
لەسەر ئەو بنچینەیە رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیرانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی تورکیا، دەچێتە پەرلەمانی وڵاتەکە و سوێندی یاسایی دەخوات. دواتر لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ژمارەیەک وڵات، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە گوتارێک پێشکێش دەکات و باس لە پلانی پێنج ساڵی حکومەتەکەی لەنێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی دەکات. 
 
هەمان رۆژ ئەردۆغان ناوی وەزیرانی کابینەکەی رادەگەیێنێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە. رۆژی 4ـی حوزەیرانیش، وەزیرانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا سوێندی یاسایی دەخۆن و رۆژی 5ـی حوزەیران، لەگەڵ وەزیرانی پێشوو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکەن و دەستبەکار دەبن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێكی فەرمی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبێت. لەسەر ئاستی عێراقیش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران، لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبێت.
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانی جهموور 52.18٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت %47.82 دەنگەکانی بەدەستهێنا کە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ بوون.