رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی سیاسەتی نوێی وڵاتەکەی لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد. هاکان فیدان، بە پێویستی دەزانێت پرۆسەی چارەسەر بە هەستیاری و گرنگ بەڕێوەبچێت.
بەرنامەکە شەوی رابردوو 03-06-2025 پەخشکرا، یەکێک لەو تەوەرە سەرەکییانەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی لەسەر کرد، پرسی پەکەکە بوو و گوتی، "لە بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ پەکەکە بەر لەم پرۆسەیە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپادا ئێمە هەوڵێکی جیدیمان لەوە دەدا کە بخرێتە ژێر گوشار لەلایەن ئەو وڵاتانە. ئەمەمان لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان دەکرد. ئەم هەوڵەمان دەدا، هەواڵگری، وەزارەتی بەرگری، پۆلیس، وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتی داد؛ هەموویان لەگەڵ لایەنی هاوتای خۆیان هەوڵیان دەدا".
لەبارەی سیاسەتی نوێی حکومەتەکەیان، فیدان گوتی، "ئێستا لە قۆناخی نوێدا پێویستە بە سەرنجەوە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببەین. پێشنیازمان بۆ ئەوان لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە گرنگە. بۆ نموونە عێراق بە چ جۆرێک دەتوانێت هاوکار بێت، سووریا بە چ جۆرێک دەتوانێت هاوکار بێت، هەروەها وڵاتانی ئەورووپا، هەروەک دەزانن پەکەکە لە ئەورووپا هەیە. ئایا ئەوان لە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر)دا دەتوانن چ رۆڵێک ببینن؟ ئەمە کارێکە سەرنج و گرنگیی زۆری پێویستە. لەکاتێکدا ئەگەری باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە هەیە، ئێمە نابێت تێکی بدەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها جەختی کردەوە، لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا پێویستە زۆر هەستیار بن و گرنگی بە بابەتەکە بدەن. تەنانەت لە بەکارهێنانی زمانی گفتوگۆشدا هاکان فیدان بە گرنگی زانی، "هەتا بڵێی هەستیار بن."
پرۆسەی چارەسەر
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند، "هەتا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند:"گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی کرد، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە."
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی هەردوولان. بەرپرسانی ئاکپارتی داوا لە پەکەکە دەکەن بە شێوەیەکی کردەیی قۆناخی چەکدانان دەستپێبکەن، هاوکات بەرپرسانی پەکەکە بە ناوی خۆیانەوە و بێ ئاماژەدان بە ناوی پەکەکە راگەیێندراو بڵاودەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن، حکومەت هەنگاوی متمانەبەخش بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ