وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 71 داواکراوی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا 71 کەسیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن دادگەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو و بەشێکیشیان داواکراو بوون.
بەیانیی رۆژی دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و تاوانە رێکخراوەکان و هێزەکانی جەندرمە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، دەنیزلی و کرکلارئێلی ئەنجامداوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە دژی 71 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە ئەنجامدراوە.
ئەو تاوانەی تۆمەتبارەکان کردوویانە بریتی بووە لە دزیکردن، فێڵکردن، ساختەکاری، تاڵانکردن، کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، مادەی هۆشبەر، تیرۆر و قاچاخ.
عەلی یەرلیکایا راشیگەیاند، بە بڕیاری دادگە 43 کەسیان بەهۆی ئەوەی پێشتر لەلایەن دادگەوە سزادرابوون، سزایان بەسەردا سەپێندراوە و رەوانەی گرتووخانە کراون؛ 28 کەسیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.