نومان کورتوڵموش بەربژێری ئاکپارتییە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا


رووداو دیجیتاڵ 

نومان کورتوڵموش، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لەلایەن پارتەکەیەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەربژێرکرا.
 
دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، دەستنیشانکردنی بریکاری سەرۆک فراکسیۆنەکان و سوێندخواردنی سەرۆککۆمار و دەستبەکاربوونی، ئەمجارە پەرلەمانی تورکیا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 7ی حوزەیران 2023، پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بەڕێوەدەچێت. 
 
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تورکیا، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەدەنگدانی نهێنی دەبێت. پێویستە بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان 400 دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەگەر 400 دەنگی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنەکە هەمان رۆژ بۆ گەڕی دووەم دووبارە دەکرێتەوە و لە گەڕی دووەمدا مەرجە 301 دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەگەر 301 دەنگیشی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنەکە هەر هەمان رۆژ بۆ گەڕی سێیەم دەچێت و کامە بەربژێر زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان. دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان دیاری دەکرێن. 
 
پێش ئاکپارتی، ئیی پارتی بڵاویکردەوە مستەفا جیهان پاچاجی، پەرلەمانتاری پارتەکەی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی رۆژی 14ی ئایاری 2023، ئاکپارتی 268 کورسی، جەهەپە 169 کورسی، یەسەپە 61 کورسی، مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا 4 کورسییان بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەکانیش، هاوپەیمانیی جمهوور 323 کورسی، هاوپەیمانیی میللەت 212 کورسی و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی 65 کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.