رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا بە هاوکاریی زانکۆی ئارتووکڵۆ، بۆ یەکەمجار بە فەرمی کۆکراوەی بەرهەمەکانی دیپلۆماتی رووسی "ئەسکەندەر ژابا"ی لە 15 بەرگ دا چاپ کرد. کۆکراوەکە بەرهەمەکانی ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، فەقێی تەیران و چیرۆکە هەزاران ساڵەکانی کوردی تێدایە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئەرشیف و کۆکراوەیە بەر لە 170 ساڵ بە پیتەکانی ئارامی و لاتینیی کوردی نووسراوە و لە سانت پترسبۆرگی رووسیا پارێزراوە.
بەر لە 170 ساڵ، ئەسکەندەر ژابا وەک کارمەندێکی کونسوڵخانەی رووسیا لە ئەرزەڕوم کاری دەکرد. لەو کاتە دا ئەو دیپلۆماتە رووسییە مەلا مەحموودی بازیدی دەناسێت؛ مەلا مەحموود دەیگێڕێتەوە و ئەویش دەینووسێتەوە. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا، داستان، هۆنراوە و چیرۆکە ناودارەکانی کورد لەو کۆکراوەیە دا و لە سانت پترسبۆرگی رووسیا پارێزراون.
بەم چاپە نوێیە، بنەمایەکی پتەو بۆ ئەدەبیاتی کوردی جێگیر کرا.
ئیبراهیم تاردوش، سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی ئارتووکڵۆ سەبارەت بەم کارە دەڵێت: "بۆ نەوەی نوێ، خوێنەران، قوتابیان و توێژەران، کاتێک ئەم کۆکراوەیە دەخوێننەوە، هەست بە سەردەمی 170 ساڵ لەمەوپێشی کورد دەکەن. چونکە هەم هۆنراوە، هەم چیرۆک و هەم دابونەریتی ئێمەی تێدایە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوەی مەلا مەحموودی بازیدی نووسیویەتی، ڕەنگە یەکەمین ئەتنۆگرافیای کورد بێت کە لەسەر دابونەریت نووسرابێت؛ ئەمە کارێکی ئەنترۆپۆلۆژییە. کاتێک سەیری دەکەین 69 دەستنووس بوون، ئێمە لە 15 بەرگدا چاپمان کرد."
بە بڕوای بەڕێوەبەرانی زانکۆی ئارتووکڵۆی مێردین، جگە لە کۆنی و رەسەنایەتیی ئەم دەستنووسانە، خاڵە هەرە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەمە یەکەمجارە ئەم هەموو بەرهەمە بەیەکەوە و بە شێوازێکی فەرمی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە چاپ بکرێن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد کرکان، سەرۆکی پەیمانگەی کوردی لە زانکۆی ئارتووکڵۆ، لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "بە بڕوای من دوو خاڵ زۆر گرنگن؛ یەکەم، دەوڵەت لە ڕێگەی وەزارەتەکەیەوە ئەم ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ. دووەم، ئەو بەربەستە دەروونییەی کە لەسەر زمانی کوردی هەبوو، شکا."
سەرۆکایەتیی زانکۆی ئارتووکڵۆ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەبەردەم رۆژنامەڤانان ئامادە بوون و ناساندنیان بۆ کۆکراوەی ئەسکەندەر ژابا کرد. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم بەرهەمانە ئەوەیە کە مەلا مەحموودی بازیدی بە پیتەکانی ئارامی نووسیویەتی و ئەسکەندەر ژاباش گۆڕیویەتی بۆ پیتە لاتینییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ