رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە دۆسیەکانی "جێفری ئێپستین"ـدا هاتووە، پێویستە حکومەتی تورکیا دەستبەجێ وەک "کەسی نەخوازراو" بیناسێنێت.
مەحموود ئاریکان، سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی لقەکانی پارتەکەی لە ئەنقەرە، باسی لە دۆسیەکانی ملیاردێری ئەمریکی (جێفری ئێپستین) کرد و بە "نیشانەی داڕزانی سیستمی ئیمپریالیستی و زایۆنیست" ناوی برد.
ئاریکان بانگەشەی ئەوەی کرد فڕۆکە تایبەتەکەی ئێپستین ناسراو بە "لۆلیتا ئێکسپرێس" 9 جار چووەتە تورکیا و سەردانی بنکەی ئینجیرلیکی کردووە. داواشی لە وەزارەتی داد کرد بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکات و زانیاریی گەشتەکان و پاسپۆرتی سەرنشینان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
سەرۆکی پارتی سەعادەت پەنجەی تۆمەتی بۆ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە درێژ کرد و گوتی: "ناوی باڵیۆز لە دۆسیەکانی ئێپستیندا هاتووە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ وەک 'کەسی نەخوازراو' بناسێنرێت."
مەحموود ئاریکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دۆسیەیە تەنیا ئابڕووچوون نییە، بەڵکو "تەواوی سیستمەکەیە" و تێیدا ناوی چەندین سیاسەتمەدار، هونەرمەند و ئەکادیمیستی جیهانیی تێدایە، کە ئێستا هەوڵی خۆپاککردنەوە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ